پارچەدارێک دوای 15 رۆژ لە نێو جەستەی هاونیشتمانییەکدا دەردەهێندرێت

18-08-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە نەخۆشخانەی گوڵان لە ئاکرێ نەشتەرگەریی دەرهێنانی پارچەدارێکی 11 سانتیمەتری کرا کە 15 رۆژ لە جەستەی کەسەکە ماوەتەوە. پسپۆڕەکەی دەڵێت، ئازارێکی زۆری هەبووە و لە پشکنینەکان دەرکەوتووە، جەستەی پارچە دارێکی تێدایە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 18-8-2025 د. شڤان سەعید زێباری، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لە نەخۆشخانەی گوڵان لە ئاکرێ بە رووداو راگەیاند، ئەو نەخۆشە خەڵکی بەردەڕەش بووە، پێش 15 رۆژ دارێکی بڕیوە، بەڵام کەوتووە و لقێک لە دارەکە چەقیوە بە سینگیدا. هەروەها دەڵێت: ئەو کەسە نەچووە بۆ نەخۆشخانە و لە نۆرینەگەیەک شوێنی برینەکەیان بۆ دووریوەتەوە.
 
د. شڤان روونی کردەوە، دوای 15 رۆژ ئەو نەخۆشە هەوکردن و ئازارێکی زۆری بۆ دروست بووبوو، هاتووەتە ئاکرێ و لە نەخۆشخانەی گوڵان دەستنیشانیان کردووە کە دوای کەوتنەکە پارچە دارێک لەنێو جەستەی چەقیوە و دەرنەهێندراوە.
 
د. شڤان زێباری هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان، لەکاتی کەوتن یاخود دۆخێکی مەترسیدار پێویستە سەردانی نەخۆشخانە و بەشەکانی فریاکەوتن بکەن و ئازاری بەردەوام پشتگوێ نەخەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە