ئەندازیارێکی ژینگە: لە هەرێمی کوردستان 20٪ بۆ 27٪ـی پاشماوەکان پلاستیکن

18-08-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
دڵدار هەرکی - دیمەن جقسی
دڵدار هەرکی - دیمەن جقسی
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ئەندازیارێکی ژینگە لەبارەی بەکارهێنان و زیادبوونی پیسبوونی ژینگە بەهۆی پلاستیکەکانەوە رایدەگەیێنێت: لە هەرێمی کوردستان 20٪ بۆ 27٪ـی پاشماوەکان کە دەکاتە زیاتر لە 2700 تۆن، پلاستیکن و کیسی نایلۆنی و بتڵی پلاستیکی زۆرینەیانن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 18-8-2025 دیمەن جقسی، ئەندازیاری ژینگەیی لە بووڵتەنی نیورۆژدا لە زاخۆوە رایگەیاند، مادەی پلاستیکی بە زوویی لەنێو ژینگەدا لەنێوناچن و زیاتر لە 450 بۆ 500 ساڵیان پێویستە، تەنانەت لەدوای هەڵوەشانیشیان، تێکەڵ بە ئاو و خاک دەبن.
 
ئەو پسپۆڕە گوتی، هەولێر پێشەنگی ئەو شارانەی گرتووە کە بە پلاستیک پیسبووە و هەواکەی پیسە کە وردەتەنۆلکەی PM 2.5ـی تێدایە.
 
پسپۆڕێکی زانکۆی سەڵاحەدین: بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کیسی نایلۆن؛ زەمبیل و توورەگە بەکاربهێنرێن
 
هاوکات لە لێدوانێکی جیاوازدا، پسپۆڕێکی زانستەکانی ژینگە ئاشکرای دەکات، ئەو پلاستیک و نایلۆنانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەکاردێن بەئاسانی شی نابنەوە و 500 بۆ هەزار ساڵیان دەوێت.
 
د. جوان خدر، پسپۆڕی زانستەکانی ژینگە لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بە رووداوی گوت، لە توێژینەوەیەکیاندا بۆیان دەرکەوتووە زۆرینەی پاشماوەکانی کانی قرژاڵە جگە لە خۆراک؛ پلاستیک و نایلۆنن.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە پێشنیازی ئەوە دەکات، نرخ لەسەر کیسی نایلۆن دابنرێت و بەکارهێنانی پلاستیک لە دووکان و مارکێتەکان سنوورداربکرێت و دەڵێت: دەکرێت هەنگاوی گەورە بنرێت بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی نایلۆن و پلاستیک.
 
د. جوان خدر گوتی، ''بەکارهێنانی بێسنووری کیسی نایلۆن لە دووکان و مارکێتەکاندا وایکردووە کە رۆژانە بڕێکی زۆر پلاستیک و نایلۆن فڕێبدرێن بۆیە دەبێت ئەمانەی خوارەوە وەکو جێگرەوەیان بەکاربهێندرێن''؛
 
- توورەگە 
- زەمبیل 
- زەرفی کاخەز
- سنووردارکردنی بەکارهێنانی نایلۆن
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە