رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوون لە هەولێر رایدەگەیێنێت، پێویستە هەوڵی جیدی بدرێت بۆ هێنانی ڤاکسینی ئەو ڤایرۆسەی کە دەبێتە هۆی شێرپەنجەی ملی منداڵدان، چونکە رێژەی تووشبووان لە زیادبوونە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-9-2025 د. هالە جەودەت، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون و ئەندامێکی لیژنەی هەڵسەنگاندنی تووشبووانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، ئەوانەی کە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان یاخود تووشبووانی شێرپەنجەکەن پێویستە ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی HPV وەربگرن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نییە و نەخۆش ناچارە بچێتە وڵاتانی دەرەوە.
لەبارەی جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجە کە لەو نەخۆشخانەیە دەستنیشاندەکرێن د. هالە جەودەت دەڵێت: تووشبووی شێرپەنجەی هێلکەدان و منداڵدان هەن و تۆمار کراون کە شێرپەنجەی هێلکەدان مەترسیدارتر و ماوە درێژترە لە شێرپەنجەی منداڵدان.
ئاماژەشی بەوە کرد، بەهۆی شێوازی ژیانی ناتەندروست، هەوای پیس و کەمجووڵەیی تووشبووانی شێرپەنجەکان زیاد بوون. ئەوانیش بە لیژنە لەو نەخۆشخانەیە کۆدەبنەوە.
چۆن خانمان خۆیان لە شێرپەنجەی ملی منداڵدان بپارێزن کە شێرپەنجەیەکی کوشندەیە و کێ گرووپی مەترسیدارە؟ وەڵامەکە لێرەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ