رووداو - تەندروستی
بە گوێرەی پەیمانگەی ئەمریکی بۆ شێرپەنجە، پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە 43٪ مەترسیی گیانلەدەستدان بە شێرپەنجەکە کەمدەکاتەوە، پزیشکێکی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەڵێت: بەهۆی خودپشکنینی مەمکەوە دەکرێت زۆرینەی نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی مەمک دەستنیشانبکرێن و ژیانی خانمان بپارێزرێت.
رۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2023 دکتۆر شانۆ مەحموود، پزیشکی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە بوولتەنی تەندروستیدا گوتی، هەر خانمێک دوای تەمەنی 18 ساڵی، پێویستە مانگانە خودپشکنینی مەمک بکات.
دکتۆر شانۆ مەحموود لەبارەی پشکنینەکەوە گوتی، وادەکات خانمان لەهەر گۆڕانکارییەک و نیشانەیەک ئاگاداربکاتەوە و ببێتە دەرخەرێکی سەرەکی بۆ دەستنیشانکردنی هەر گۆڕانکارییەک لە مەمک، هاوکات دکتۆر شانۆ دەشڵێت: پێویستە سێ بۆ پێنج رۆژ دوای تەواوبوونی سووڕی مانگانە پشکنینەکە بکرێت.
دکتۆر شانۆ روونی دەکاتەوە، ''لە کاتی سووڕی مانگانەدا گرێیەکانی مەمک کە بەشێکی پێکهاتەی مەمکن گەورەدەبن و هەڵدەئاوسێن، ئەمەش رەنگە ببێتەهۆی دەستنیشانکردنی هەڵە و دوودڵی لای خانمان دروستبکات، بۆیە باشترە لە دوای سووڕی مانگانەوە پشکنینەکە بکرێت''.
شانۆ محەممەد لەنێو ستۆدیۆ هەنگاوەکانی خودپشکنینی مەمک باسدەکات و دەڵێت: ''سەرەتا خانمەکە لەبەردەم ئاوێنەیەک بوەستێت و هەردوو مەمکی لەڕووی قەبارە، رەنگ و شێوەوە بەراورد بکات، دواتر بۆ پشکنینی مەمکی چەپ پێویستە پەنجەکانی دەستی راست بەکاربهێندرێت، بەهەمان شێوە بۆ مەمکی راستیش دەستی چەپ بەکاربێت، پاشانیش پەستان بخرێتە سەر گۆی مەمک تاوەکو لە ئەگەری بوونی هەر دەردراوێکی نائاسایی وەکو خوێن، سەوزاو یاخود زەرداو خانمەکە دڵنیاببێتەوە''.
لە درێژەی قسەکانیدا شانۆ محەممەد بە گرنگی دەزانێت کە خانمان پشکنین بۆ ژێرباڵیان بکەن، چونکە لەکاتی بوونی شێرپەنجە لە مەمکدا رەنگە لیمفەگرێیەکانی ژێرباڵ بئاوسێن.
لە کۆتاییدا خانمان هۆشیاردەکاتەوە، ''لە ئەگەری بوونی هەر نیشانەیەکی گوماناوی و ناڕێکییەک لە مەمکەکان پزیشکی پسپۆڕ ئاگاداربکەنەوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ