رووداو - تەندروستی
هاوڕێیەکی نزیکی دکتۆر سانای کۆچکردوو چەند راستییەک لەبارەی مردنی هاوڕێکەی ئاشکرا دەکات و بە رووداوی راگەیاند، دکتۆر سانا بە شێرپەنجە گیانی لەدەستنەداوە، پسپۆڕێکی هەرس و جگەریش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێ، دکتۆر سانا نەخۆشییەکی خوێنی هەبووە و لێکەوتەکانی نەخۆشییەکە هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی بوون.
د. ئاشتی نانەکەلی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی کە خۆی وەکو 'هاوڕێی گیانیبەگیانی'ـی دکتۆر سانا نەجات بە رووداو ناساندووە ئاشکرای دەکات، دکتۆر سانا ئەنجامی هەموو پشکنینێکی خۆی بۆ ناردووە، هەمیشە راوێژی پێکردووە لە چارەسەرەکانیدا و پێشنیازی هەر شتێکی بۆ کردبێت جێبەجێی کردووە.
د. ئاشتی نانەکەلی روونی دەکاتەوە، نەخۆشییەکەی دکتۆر سانا نەجات گرێیەکی ئاسایی بووە لەنێو پەنکریاسیدا، (هەرچەندە چەندان گرێی دیکەی پەنکریاسی هەبوو، بەڵام بە نەشتەرگەری لابران) پاشان دواین گرێی ئاسایی پەنکریاسی، کاریگەریی لەسەر گەدەی کردووە و برینی قووڵی دروستکردووە، تا وای لێهاتووە گرێیەکە بتەقێت و زیان بە پەنکریاس و گەدەی بگات، ئەمەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دکتۆر سانای کۆچکردوو نەشتەرگەرییەکی لابردنی گرێی پەنکریاسی بۆ کرابوو، بەڵام ئازاری تووشدەبێتەوە و هەفتەیەک پێش گیانلەدەستدانی لەلای پسپۆڕێکی هەرس و جگەر پشکنین دەکاتەوە و دەردەکەوێت، دووبارە کیسی پەنکریاسی بۆ دروستبووەتەوە.
رووداو قسەی لەگەڵ ئەو پسپۆڕەی هەرس، جگەر و هەناوبینی لە سلێمانی کردووە کە ئاگاداری دۆخەکەی دکتۆر سانا بووە و هەر ئەویش پشکنینەکانی بۆ کردووە و بە رووداوی گوت، ''لە دواین پشکنینەکاندا دەرکەوت، دکتۆر سانا نەجات کیسی پەنکریاسی بۆ دروستبووەتەوە و هەوکردنی گەدە و پەنکریاسیشی تووشبووە''.
ئەو پسپۆڕە ئاشکرای کرد، دکتۆر سانا نەخۆشییەکی خوێنی هەبووە بە ناوی Polycythemia کە رێژەیەکی زۆری خڕۆکەی سوور دروستدەبن، بەهۆیەوە لوولەکانی خوێنی دەوروبەری پەنکریاسی گیراون، ئەمەش گرێ و کیسی پەنکریاسی بۆ دروستکردووە.
د. ئاشتی باسی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لە چارەسەری هاوڕێکەی دەکات و پێیوایە، ''ئەگەر دکتۆر سانا بە خۆڕایی چارەسەر بکرایە یاخود چاودێری و ئاگالێبوونێکی زیاتری لەلایەن پزیشکان و پسپۆڕانی هەرێمی کوردستانەوە بکرایە، ئێستا زیندوو بوو یان لانیکەم بە ئازارێکی کەمترەوە دەمرد''.
د. ئاشتی دەشڵێت ''پێویستە پزیشکان زیاتر بەرپرسیارێتی و هاوکاریی بگرنە ئەستۆ کاتێک هاوکارە پزیشکەکەیان یاخود هاوپیشەیەکیان پێویستی بە چارەسەر دەبێت، چونکە مەرج نییە هەموو پزیشک و پسپۆڕانی پزیشکی لە ئاستێکی بەرزی داراییدا بن''.
بەگوتەی هەردوو پسپۆڕەکە کە لەم راپۆرتەدا باس کراون، هۆکاری خراپبوونی دۆخی دکتۆر سانا زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشیی زیادبوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێن polycythemia (خەستبوونەوەی خوێن)، هەروەها هۆکاری مردنەکەشی بەهۆی جەڵتە یاخود تەقینی کیسەکانی پەنکریاسییەوە بووە کە لێکەوتەکانی ئەو نەخۆشییە درێژخایەنەکەی خوێنی، بووەتە هۆکار بۆ دروستبوونی ئەو کیسانە، چونکە دەڵێن، ''دکتۆر سانا چەندین ساڵە دەرمان بۆ نەخۆشییەکەی خوێنی وەرگرتووە و کێشەی بۆ دروستنەکردووە، تا ئەو کاتەی کە ئەو گرێیانەی پەنکریاسی بۆ دروستبوون''.
دکتۆر سانا نەجات کێیە؟
دکتۆر سانا نەجات، پزیشکێکی نیشتەجێی دێرینی خوێندکاری دواین قۆناخی خوێندنی بۆردی عەرەبیی پسپۆڕیی نەخۆشییەکانی منداڵان بوو، رۆژی سێشەممە 7-10-2025 گیانی لەدەستدا. ئەم پسپۆڕە خەڵکی شاری هەولێرە و بەهۆی خوێندنی پسپۆڕییەوە، لە نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی دەوامی کردووە.
نەخۆشیی خەستبوونەوەی خوێن polycythemia چییە؟
بەپێی مایۆکلینیکی جیهانی، نەخۆشیی polycythemia نەخۆشییەکی خوێنە کە مۆخی ئێسک رێژەیەکی زیاد لە پێویست خڕۆکە سوورەکان بەرهەم دەهێنێت، بەمەش خوێن خەست دەبێتەوە و لەنێو لوولەکانی خوێندا دەمەیێت، ئەمەش لێکەوتەی جیدیی مەترسیداری بەدوادا دێت.
دوو جۆر نەخۆشیی خەستبوونەوەی خوێن هەیە؛
جۆری یەکەم؛ ئەوەیە کە بۆماوەییە یاخود تێکچوونە لە جینێکدا و زۆرجار بە شێرپەنجە ناودەبرێت و پێی دەڵێن (Polycythemia Rubra Vera)، کە گرێ لە مۆخی ئێسک دروستدەبێت.
جۆری دووەم؛ ئەوەیە کە هۆکارەکانی شێوازی ژیانی ناتەندروستە یاخود بەهۆی نەخۆشییەکی دیکەوەیە، دەکرێت ئەمانە بن؛
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
- خراپیی هەوا و ژینگە
- نەخۆشییەکانی دڵ، گورچیلە، ئێسک و جگەر
- دڵەڕاوکێ و خەمۆکی
- کەمیی جووڵە
- خواردنی خۆراکی ناتەندروست
- بەرزەپەستانی خوێن
- خراپ بەکارهێنانی دەرمانی هۆڕمۆنەکان
- گرێ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ