رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ رایدەگەیێنێت، هەڵەیە ئەگەر بگوترێت ''تەماتە دەبێتەهۆی بەردی گورچیلە''، هەر بۆیە دەڵێت، بە پێچەوانەوە توێژەران خەریکن ئەو مادەیەی لەنێو تەماتەدا هەیە بکەنە دەرمانی دژە بەردی گورچیلە.
د. مستەفا عوسمان، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ بە رووداوی راگەیاند، یەکێک لەو مادانەی لە جەستەدا هەیە رێگرە لە دروستبوونی بەردی گورچیلە کە پێی دەگوترێت citrate، ئەم مادەیە بە رێژەیەکی زۆر لەنێو تەماتەدا هەیە و تەنانەت ئێستا هەوڵ دەدرێت دەرمانیشی لێ دروستبکرێت بۆ رێگری لە بەرد.
ئەو پسپۆڕە چەند هەڵەتێگەیشتنێک و سەرنجێک لەبارەی بەردی گورچیلەوە باس دەکات وەکو؛
1- زۆرجار بەهەڵە رێنمایی دەدرێتە نەخۆش بەوەی کە شیر و بەرهەمە شیرەمەنییەکان نەخوات، ئەمە زۆر هەڵەیە چونکە کەمخواردنی بەرهەمەکانی شیر و شیرەمەنییەکان مادەی کالسیۆمیان تێدایە و کەمخواردنی ئەو بەرهەمانە دەبنەهۆی دروستبوونی بەرد، نەک پێچەوانەکەی.
2- زانیارییەکی هەڵەیە کە دەڵێن، ''تەماتە بۆ بەردی گورچیلە خراپە''، یەکێک لەو مادانەی لە جەستەدا هەیە رێگرە لە دروستبوونی بەردی گورچیلە کە پێی دەگوترێت citrate، ئەم مادەیە رێژەیەکی زۆری لەنێو تەماتەدا هەیە و تەنانەت ئێستا هەوڵ دەدرێت دەرمانیشی لێ دروستبکرێت بۆ رێگری لە بەرد.
3- هەرکاتێک بەردێک لە گورچیلە و میزەڕۆ کەسێک دەرهێنرا، پێویستی بە شیکردنەوە هەیە لە تاقیگە تاوەکو بزاندرێت کە جۆری بەردەکە چییە، بەڵام ئەو جۆرە شیکردنەوەیەی لە تاقیگەکانی کوردستان دەکرێن هیچ سوودیان نییە بۆ دیاریکردنی جۆری دیاریکراوی بەردەکەن، ئەو ئامێرەی ئێستا لە وڵاتان پشتی پێدەبەسترێت پێی دەڵێن، 'INFRA RED SPECTROSCOPY' کە گرنگە وەزارەتی تەندروستی یاخود تاقیگەکانی کەرتی تایبەت ئەم ئامێرە بەردەست بخەن.
4- هەندێک دەرمان لەلایەن خەڵکەوە بەبێ پشکنین بەکاردەهێندرێت وەکو دەرمانەکانی ڤیتامین C و D کە زیادبوونی رێژەی ئەوانە ئەگەری تووشبوون بە بەردی گورچیلە زیاد دەکات.
5- پێویستە رۆژانە 2 تاوەکو 2 لیتر و نیو ئاو بخورێتەوە، بەڵام پێویستە بشزانین کە رۆژانەش پێویستە لیتر و نیوێک تاوەکو دوو لیتر میز بکرێت، ئەگەر رێژەی میزەکە کەمتر بوو ئەوا دەبێت ئاوی زۆر بخورێتەوە بەتایبەت لە وەرزی گەرمادا.
6- جگەرەکێشان یارمەتیدەرێکی زۆر بەهێزە بۆ دروستبوونەوەی بەرد، چونکە هەردوو ژەهری کادمیۆم و کۆباڵتی تێدایە، بۆیە کەسێک بەردی هەبێت پێویستە بە هەموو شێوەیەک خۆی دووربخاتەوە لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان.
7- کێشی زۆر، نەخۆشییە درێژخایەنەکانی شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن، جووڵەی کەم و خواردنەوەی وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان هۆکارن بۆ دووبارە دروستبوونەوەی بەردی گورچیلە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ