رووداو - تەندروستی
بڕیاری دامەزراندنی پزیشکانی گشتی دەرچوو؛ پزیشکانی دانەمەزراو و ناڕازی رایدەگەیێنن، دوای دەرچوونی بڕیارەکە، دەستەکانی دروستبوو لەبارەی ناڕەزایی دانەمەزراندن و پەککەوتنی سیستمی پلەبەندیی پزیشکی، هەڵدەوەشێندرێنەوە. پێشیان گوتراوە کە ''دامەزراندنیان بە شێوەی هەمیشەیی دەبێت''.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-6-2025 دکتۆر شکۆ شێرکۆ، نوێنەری پزیشکانی دانەمەزراو لە هەولێر رایگەیاند، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پێی راگەیاندوون کە پزیشکانی دانەمەزراو لەسەر داهاتی نێوخۆ بە شێوەی هەمیشەیی دادەمەزرێن.
ئەو پزیشکانە لەو بەیاننامەیەدا گوتویانە، لەدوای بەدیهاتنی ئامانجی دەستەکان کە دامەزراندنی پزیشکانی دانەمەزراو و چالاککردنەوەی سیستمی پلەبەندیی پزیشکی بووە. دەستەکان هەڵدەوەشێننەوە و لە داهاتوودا بە شێوەیەکی پیشەیی و ئیدارییانە بایەخ بە پیشەکەیان و مەبەستەکەیان دەدەن.
هەر لەو بەیاننامەیەدا ئەوەشیان خستەڕوو، ''دامەزراندن و چالاککردنەوەی سیستمی پلەبەندیی پزیشکی، راستەوخۆ هۆکارە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە کوردستان و هێنانی ئومێد بۆ کۆمەڵگەی پزیشکان و خەڵکی کوردستان''.
رۆژی چوارشەممە 18-6-2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەکەی، بڕیاریدا کە پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دابمەزرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ