رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرێکی NHS کە کۆمپانیایەکی هەیە و جەلییەکی خەوی منداڵان بەرهەم دەهێنێت، فەرمانی پێکراوە فرۆشتنی جەلییەکە رابگرێت، چونکە گومان دەکرێت کە جەلییەکە بڕێکی ئاشکرانەکراوی دەرمانی خەولێخەری تێدایە کە پێویستە تەنیا بە رەچەتەی پزیشک بەکاربێت.
کۆمپانیاکە کە خاوەنەکەی سالی وێستکۆتە، لە مانگی ئاداری ساڵی رابردووەوە جەلی "مەگنیسیۆم گلایسینات" بۆ ئەو منداڵانە دەفرۆشێت کە کێشەی خەویان هەیە. سالی هاوکات بەرپرسی چارەسەری کلینیکییە لە دەزگای NHS.
جەلییەکە، کە لە چین بەرهەمهێنراوە وەک "رێگەیەکی سرووشتی بۆ یارمەتیدانی خەوی باشتر بۆ منداڵەکەت"رێکلامی بۆ کراوە، سالی لە فەیسبووکی خۆی وەسفی کردووە کە "بەتایبەتی بۆ منداڵانی تووشبوو بە ADHD و ئۆتیزم بەسوودە".
دەستەی MHRA لەلایەن دوو دایکەوە ئاگادار کراونەتەوە کە بەرهەمەکەیان بۆ منداڵەکانیان بەکارهێنابوو. گومانیان هەبووە کە جەلییەکە پێکهاتەی مادەی خەوی زیاتری تێدایە لەوەی لەسەر پاکێجەکەی نووسراوە، بەتایبەتی کاتێک منداڵەکانیان تەنیا 30 خولەک دوای خواردنی جەلییەکە خەویان لێکەوتووە.
ئەم هەفتەیە، دەستەی رێکخستنی دەرمان و بەرهەمە تەندروستییەکانی بەریتانیا (MHRA) فەرمانی بە وێستکۆت کردووە کە جەلییەکە لە وێبسایتی کۆمپانیاکەی و لە فرۆشتنی بە ئۆنلاین لە ئەمازۆن لاببات لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات.
سالی وێستکۆت رایگەیاندووە، پابەندی لێکۆڵینەوەکەیە و نکۆڵی لەوە کردووە کە بە ئەنقەست مادەیەکی فرۆشتبێت کە پێویستی بە رەچەتەی پزیشک بێت.
ئەو دوو خانمە کۆمپانیایەکی سەربەخۆیان بە ناوی سەپلیمێنت فاکتەری راسپارد بۆ شیکاریکردنی جەلییەکان. شیکارییەکە مەزەندەی کردووە کە هەر جەلییەک 0.53 میلیگرام مێلاتۆنینی تێدایە، لە کاتێکدا ژەمی دەستپێکی پێشنیارکراو بۆ منداڵان 0.5 میلیگرامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ