رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی خولاو کە بایکۆتی کردووە رایدەگەیێنێت، بایکۆتی ئەمجارەیان درێژخایەن دەبێت و هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە، پلەی زانستییان بەرز بکرێتەوە کە ئەوە ساڵێکە دواکەوتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 19-8-2025 دکتۆر دارۆ هادی، نوێنەرێکی پزیشکانی خولاو لە سلێمانی کە بایکۆتیان کردووە لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، هەر یەک لە پلەبەندییەکانی سیستمی ناونیشانی زانستی شوێن و تایبەتمەندیی لەنێو نەخۆشخانە هەیە و بەدواکەوتنی هەر قۆناخێک، سیستمی خوێندن و بەرەوپێشچوونی پزیشکەکان تێکدەچێت.
بەگوتەی دکتۆر دارۆ هادی، بەشەکانی فریاکەوتن لەنێو شاری سلێمانی پزیشکی جێگرەوەی پزیشکانی خولاو هەن، بەڵام لە فریاکەوتنەکانی دەرەوەی شار هیچ پزیشکێک نییە و فریاکەوتنەکان بێ پزیشکن.
لە سنووری سلێمانی زیاتر لە 500 پزیشکی گەنج بایکۆتی کاریان کردووە و بەشێکی زۆری نەخۆشخانەکان و بەتایبەتیش بەشەکانی فریاکەوتن کەمیی پزیشکانیان پێوە دیارە.
هەر ئەمڕۆ دکتۆر رەهێڵ ئەحمەد، نوێنەرێکی پزیشکانی نیشتەجێی خولاوە لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئێستا 635 پزیشکی خولاو و 50 پزیشکی پایەبڵند بایکۆتی کاریان کردووە و تاوەکو دەستبەکاربوونی پزیشکانی تازەدامەزراو، بەردەوام دەبن.
روونکردنەوە؛ هەر خوێندکارێکی پزیشکیی گشتی کە کۆلێژ تەواو دەکات، دوو ساڵ وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکات، پاشان دەبێتە پزیشكی پلەبەند و یەک ساڵ لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکات، پاشانیش نازناوەکەی دەگۆڕێت بۆ پزیشکی شارەزای گشتی و دواتریش پزیشکی پایەبڵند. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە لەگەڵ هەر بەرزکردنەوەی ناونیشانێک شوێنەکەشیان دەگۆڕێت و ئێستا لەبەر ئەوەی پزیشکانی دەرچووی 2024 دەوام ناکەن و هێشتا فەرمانی دامەزراندنیان جێبەجێ نەکراوە، ئەوا پزیشکانی خولاو، پلەبەند و پایەبڵند ناتوانن پلەیان بەرزبکرێتەوە، چونکە کەس نییە شوێنیان بگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ