رووداو - تەندروستی
سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازان رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا بەهۆی زۆریی شوێنە نافەرمییەکان بۆ فرۆشتنی دەرمان لەلایەن کەسانی نادەرمانسازەوە لەگەڵ زۆربەکارهێنانی دەرمان لەلایەن هاونیشتمانییانەوە وایکردووە کێشەی بەهێزبوونی بەکتریاکان دژی دەرمانەکان بەردەوام لە زیادبووندا بێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-11-2025 د. باریف زاهیر، سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا سیستمی رێکخستنی پێدانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان رێکنەخراوەتەوە و وەکو سیستمی 10 ساڵ پێش ئێستایە، هەروەها دەڵێت: دەبێت دڵنیایی لە کواڵیتی و هاوسەنگیی نرخی دەرمان هەبێت و نەخۆش دڵنیا بێت کە بە سەلامەتی دەگەیێندرێتە دەستی.
سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازان تایبەت بە پزیشکان گوتی، دەبێت پابەندی یاسای گشتیی بەکارهێنان و نووسینی دەرمان بن بۆ نەخۆش و لەسەر (گایدڵاین)ـی جیهانی بڕۆن لە بارەی بەکارهێنان و کاریگەریی دەرمانە دژەبەکتریاییەکان (دژەهەوکردنەکان).
لە چاوپێکەوتنێکی ئەم ساڵیدا تایبەت بە رووداو د. باریف زاهیر گوتویەتی، پێویستە لەلایەن حکومەتەوە رێوشوێنی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی دەرمانەی ئۆنڵاین دابنرێت، هەر بۆیە دەڵێت، بە ناوی دەرمانخانەوە کۆمەڵێک شوێنی نایاسایی دەرمان دەفرۆشن و پێویستە لێپێجینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
هەفتەیەک (18 تاوەکو 24ـی تشرینی دووەم) تەرخانکراوە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسیی بەهێزبوونی بەکتریاکان و دروستبەکارهێنانی دەرمانەکانی دژەهەوکردن.
لە هەرێمی کوردستان ژمارەی تووشبووانی بەهێزبوونی بەکتریاکان زیادبووە و WHO دەڵێت: ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک کەس بەهۆی بەهێزبوونی بەکتریاکانەوە گیان لەدەستدەدەن، پسپۆڕێکیش لە باسی نەخۆشێکیدا گوتی، ''نەخۆش هەیە بە هیچ دەرمانێک چارە ناکرێت''.
پسپۆڕێکی مایکرۆبایۆلۆژی و نەخۆشییە گوازراوەکان لە رووداوەوە ئاشكرای کردووە، بەهۆی بەهێزبوونی بەکتریاکانەوە چەندین نەخۆش لە یەکەی چاودێریی چڕ خەوێندراون و هیچ دەرمانێک لەسەر جەستەیان کاریگەر نییە بۆ چارەسەر. (راپۆرتێک ببینە)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ