رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین نەشتەرگەریی چاندنی جگەر لە نەخۆشخانەیەکی کەرتی گشتی لە عێراق لە پارێزگای کەربەلا بە سەرکەوتوویی کرا. بەگوێرەی فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگاکە، نەشتەرگەرییەکە نزیکەی 17 کاژێری خایاندووە.
سەلیم کازم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرمانگەی تەندروستیی کەربەلا، ئەمڕۆ چوارشەممە 19-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمە یەکەمین نەشتەرگەریی لەو شێوەیەیە لە کەرتی گشتیی تەندروستیی عێراق کە لە نەخۆشخانەی ئیمام حەسەن موجتەبا (ناسراو بە نەخۆشخانەی تورکی) لە پارێزگای کەربەلا کراوە.
پێشتر لە هەرێمی کوردستان لە کەرتی تایبەت لە نەخۆشخانەی تایبەتی فارووق لە شاری سلێمانی، ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە بە سەرکەوتوویی کراوە.
سەلیم کازم گوتی، "نەخۆشەکە خەڵکی نەجەفە، تەمەنی 51 ساڵە، کوڕە تەمەنی 20 ساڵەکەی پارچەیەک لە جگەری خۆی بەخشیوەتە باوکی. نەشتەرگەرییەکە 17 کاژێری خایاند و لەلایەن تیمێکی پزیشکیی هاوبەشی هیندستانی و عێراقییەوە کرا. ئەمڕۆش ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، لەکاتی سەردانیکردنی بۆ کەربەلا بە فەرمی سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکەی راگەیاند."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی کەربەلا گوتیشی، "بەخشەرەکە دۆخی تەندروستی زۆر باشە و نەخۆشخانەی جێهێشتووە؛ وەرگرەکەش لەژێر چاودێریدایە و دۆخی جێگیرە."
سەلیم کازم ئاماژەی بەوەشکرد، نەشتەرگەرییەکە بێبەرامبەر کراوە و کردنی ئەو نەشتەرگەرییە لەنێوخۆی وڵات وادەکات، لەمەودوا تووشبووان پێویستییان بە گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات و خەرجکردنی پارەیەکی زۆر نەبێت.
ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، ئەمڕۆ لە کاتی راگەیاندنی سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکەدا لە کەربەلا گوتی، "سەرجەم ئەو نەخۆشانەی لەو سەنتەرەدا نەشتەرگەریی چاندنی جگەریان بۆ دەکرێ، دەستەبەریی تەندروستی دەیانگرێتەوە و خەرجییەکەیان 100% لەلایەن سندووقی دەستەبەرییەوە دابین دەکرێ، بێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک بکەوێتە ئەستۆی نەخۆشەکان."
چاندنی جگەر کاتێک پێویست دەبێت کە جگەری کەسێک زیانێکی زۆری پێ بگات و نەتوانێ ئەرکە سەرەکییەکانی ئەنجام بدات، وەک پاڵاوتنی ژەهرەکان لە خوێندا و بەرهەمهێنانی پرۆتینی گرنگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ