لە هیندستان 170 کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما گیانلەدەستدەدەن

20-06-2023
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە چەند هەرێمێکی هیندستان بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما چەندین کەس دەگەیێندرێنە نەخۆشخانە و بەشێکیشیان گیانلەدەستدەدەن، تەندروستیی وڵاتەکەش گیانلەدەستدانی 170 کەسی لە دوو هەرێم راگەیاند. 
 
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکانیش کەمتر دەبنەوە و کەسوکار نەخۆشێک دەڵێت: هیچ پانکەیەک نییە لە نەخۆشەکان، پەنجەرەکەم بە پارچەیەک پەڕۆ داپۆشیوە بۆ ئەوەی خزمەکەم لە تیشکی خۆر بپارێزم، هیچ رێگەیەکی پاراستنی نەخۆشەکان لە گەرما نییە، تەنانەت لە نەخۆشخانەکانیش''. 
 
تەندروستیی هیندستان رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی رابردوودا لە ویلایەتی ئۆتار و بیهار 170 کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییەوە گیانیان لەدەستداوە، وەزارەتی کەشناسیی هیندستانیش دەڵێت: بەرزترین پلەی گەرما گەیشتووەتە 43.5 پلەی سەدی.
 
لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 رێژەی گیانلەدەستدان بە گەرما لە وڵاتەکە 55٪ بەرزبووەتەوە و بەگوتەی دەستەی پزیشکانیش زۆرینەی ئەوانەی گیانلەدەستدەدەن بەساڵاچووانن. 
 
جایانت کومار، سەرۆکی دەستەی پزیشکان لەمبارەیەوە گوتی، ''ئەوانەی کە پێشتر نەخۆشبوون خراپتر بوون، بەساڵاچووان بەرگەی گەرما ناگرن، زۆربەی مردنەکان بەهۆی ئەمەوە بووە.''
 
توێژینەوەیەکی کۆمپانیای World Weather Attribution دەریدەخات، شەپۆلێکی گەرمای سووتێنەر لە مانگی نیساندا بەشێک لە باشووری ئاسیای گرتووەتەوە، بەجۆرێک 30 ئەوەندە لە شەپۆلەکانی دیکە گەرمترە. 
 
دەسەڵاتداران دەڵێن، ئەگەر پلەی گەرما بگاتە 45 پلەی سلیزی ئەوا باری نائاسایی رادەگەیێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە