پسپۆڕێک: شەکرەی دووگیانی کۆنتڕۆڵ نەکرێت، دەشێت ببێتە هۆی وەچەخستنەوەی ناکام

20-08-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون باسی شەکرەی دووگیانی دەکات و دەڵێت: تووشبوون بە شەکرەی ماوەی دووگیانی ئەگەر بە دروستی دەستنیشان نەکرێت و کۆنتڕۆڵ نەکرێت ئەوا دەشێت ببێتە هۆی منداڵبوون بە نەشتەرگەری و کۆرپەلەش ببێتە منداڵێکی ناکام.
 
د. چیا حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون بە رووداوی راگەیاند، نزیکەی 4٪ بۆ 5٪ـی خانمانی دووگیان تووشی شەکرەی دووگیانی دەبن، جەستەی ئەو خانمانە توانای سووتاندنی شەکری گلوکۆزیان نابێت و ئەمەش لەنێو خوێندا رێژەکەی زیاد دەبێت. 
 
ئەوەش باس دەکات کە زۆرجار دوای منداڵبوون رێژەی شەکر لە خانمەکە دەگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.
 
بەگوتەی د. چیا، بەزۆری لەنێوان هەفتەکانی 24 و 28ـی دووگیانیدا دەستنیشان دەکرێت و نیشانەکانی ئەمانەن؛
 
- زۆرمیزکردن
- تینوویێتیی بەردەوام
- شەکەتی و بێهێزی
- دابەزینی کێش
- رشانەوە و سکچوونی زۆر
- هەوکردنی پێست، میزڵدان و زێ
 
ئاڵۆزییەکانی شەکرەی دووگیانی لەسەر دایک ئەمانەن؛ 

* بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و تووشبوونی دایک بە ژەهراویبوونی دووگیانی
* منداڵبوون بە نەشتەرگەری
* تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە لەداهاتوودا
 
ئاڵۆزییەکانی شەکرەی دووگیانی لەسەر کۆرپەلە ئەمانەن؛ 
 
* زیادبوونی کێش
* لەدایکبوونی پێشوەختە واتا بە ناکامی لەدایکببێت بەهۆی گەورەیی قەبارەکەی
* کێشەی هەناسەدانی
* دابەزینی شەکری خوێنی دوای لەدایکبوونی
* تووشبوونی بە قەڵەوی و شەکرەی جۆری دوو لە قۆناخەکانی دوای لەدایکبوونی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە