رووداو - تەندروستی
ناوەندی کلیڤلاندی پزیشكی لە ئەمریکا راپۆرتێکی لەبارەی جلوبەرگی تەسکەوە بڵاو کردووەتەوە و دەڵێ، جلوبەرگی تەسک سووڕی خوێن لاواز دەکات و پەستانی خوێن زیاد دەکات، پسپۆڕێکیش ئاماژە بە ناڕێکییەکانی هەرسکردن دەکات.
بەپێی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشكی لە ئەمریکا، لەبەرکردنی جلوبەرگی تەسک، تەنانەت پشتوێن و کەمەربەندی تووندیش دەشێت کاریگەرییان لەسەر جەستە هەبێت کە زۆرجار بە سەختیی هەناسەدان و وەڕەسبوون دەردەبڕدرێن.
میشێل راوچ، پسپۆڕی خۆراک لە کۆمپانیای هێڵسلاین دەڵێت: جلوبەرگی تەسک کێشەکانی هەرسکردن دروستدەکات، وەکو دڵەکزێ، گازەکانی گەدە و گرژبوونی کۆڵۆن.
سەرچاوەی جیهانیی Women's health لەم بارەیەوە روونی دەکاتەوە، پانتۆڵی تەسک هەوکردنی کەڕوویی کۆئەندامی زاوزێ لە خانماندا زیاد دەکات، بەتایبەت ئەگەر جلوبەرگی ژێرەوە دوای ئارەقکردنەوە نەگۆڕدرێت، تووشی هەوکردنەکانی میزەڕۆ دەبنەوە.
لەبارەی بەستنی ستیانەوە کۆمەڵەی شێرپەنجە لە کەنەدا رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی پزیشکی نییە بیسەلمێنێت، لەبەرکردنی ستیان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد بکات. بەڵام ئەوەش باس دەکرێت کە نابێت ستیان ئەوەندە تووند بێت کە ئازار دروستبکات.
د. هۆمایۆن ساناتی، پسپۆڕی شێرپەنجە لە سەنتەری مەمکی میمۆریاڵ کێیری ئەمریکا دەڵێت: بەشێکی زۆری شێرپەنجەکان لەو بەشەی مەمکدا روودەدەن کە ستیانیان بەرنەکەوتووە، ئەمەش دەشێت بەڵگەیەک بێت بۆ ئەو بۆچوونە هەڵەی کە پەیوەندی بە شێرپەنجەوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ