ئەم کارانە لە 30 ساڵیدا بکە، بۆ ئەوەی لەدوای 70 ساڵی تەندروست بیت

20-11-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەپێی ئەو توێژینەوانەی هەن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەر کەسێک لە بەساڵاچوونیدا لانیکەم تووشی نەخۆشییەک یاخود ناڕێکییەکی هەمیشەیی جەستەی دەبێت، بەڵام توێژەران پێیان وایە ئەمە بۆ هەموو کەس راست نییە و دەکرێت گەنجان بە چەند تەکنیکێک، بەساڵاچوویەکی تەندروستیان لێدروستببێت.
 
ئێریک ڤێردین، سەرۆکی پەیمانگەی باک بۆ لێکۆڵینەوە لە پڕۆسەی پیربوون لە ئەمریکا دەڵێت، ''بە پشتبەستن بەو راستییە زانستییانەی دەیانزانین، ئەگەر خەڵک بیانەوێ و چاوەڕێی ئەوە بکەن تا 90 بۆ 95 ساڵ بژین، دەبێت شێوازی ژیانی رێکیان هەبێت''.
 
بەڵام ئێریک ڤێردین روونی دەکاتەوە، مرۆڤەکانی ئێستا ئەو مەرجەیان بەسەردا جێبەجێ نابێت کە بگەنە سەروو 70 ساڵی و نەخۆش نەبن.
 
بەپێی پەیمانگەی باک، لە سییەکانی تەمەندا گرنگترین دەیەیە بۆ پتەوکردنی بارستەی ئێسک، ماسوولکە و هێز. ئەمەش بە رێکخستنی خۆراک و خەو لەگەڵ باشترکردنی شێوازی ژیان بەدیدێت.
 
جواو پاسۆس، پسپۆڕی فیسیۆلۆژی لە مایۆکلینیک دەڵێت: تەمەنی سییەکان، رەفتارە خۆڕاگرە درێژخایەنەکان دروستدەکەن کە بە درێژایی تەمەن و دوای بەساڵاچوونیش هەر کاریگەرییان دەبێت.
 
لە سییەکانی تەمەندا ئەم مەرجانە پێشنیاز دەکرێن بۆ ئەوەی بەساڵاچوونێکی تەندروست هەبێت؛
 
- لە ژەمە خۆراکییەکاندا بایەخ بە سەوزە و میوەکان بدە.
- رۆژووی پچڕپچڕ بگرە بەجۆرێک 8 کاژێر ئاساییە خۆراک بخورێت و 16 کاژێر بەڕۆژوو دەبیت، ئەمەش هەفتانە پێنج رۆژ دەکرێت.
- خەوێکی رێکت هەبێت و لانیکەم 6 بۆ 8 کاژێر بخویت.
- رۆژانە نزیکەی 2.5 لیتر ئاو بخۆرەوە.
- هەریەک لە خۆراکە پڕۆتینییەکانی وەکو ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی بخۆ.
- شەکر، چەوری، خۆراکە خێراکان و ئامادەکراوەکان مەخۆ.
- دووربکەورەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخش و گازییەکان.
- دووربکەورەوە لە جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلەکێشان.
- رۆژانە لانیکەم 30 خولەک وەرزشی مامناوەند بکە، بەتایبەت وەرزشەکانی کاردیۆ وەکو؛ 'پایسکیلسواری، راکردن، مەلەکردن، پەتپەتێن، سەماکردن، شاخەوانی و چەندانی دیکە'.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە