گومانلێکراوێکی تووشبووی تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆکە

21-05-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ئێستا گومانلێکراوێکی تووشبووی تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆکە و پسپۆڕان چاوەڕوانی پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامەکەین.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-5-2025 د. فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆک تایبەت بە رووداو ئاشکرای کرد، گومانلێکراوەکە خانمێکە و ئێستا دۆخی تەندروستیی باشە، نیشانەکانیشی زۆر لاوازن.
 
د. فەرهاد ئیسماعیل دەڵێت، پێشبینی ناکرێت تووشبووی نەخۆشییەکە بێت، بەڵام هەر بۆ دڵنیایی پشکنینەکانیان رەوانەی بەغدا کردووە تاوەکو ئەنجامی ورد دەربکەوێت.
 
تائێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک، یەک تووشبووی تای خوێنبەربوون دەستنیشان کراوە و هەر ئەویش گیانی لەدەستدا کە خانمێکی 45 ساڵان بوو، لە رابردووشدا یەکێکی دیکەش گومانلێکراو بوو، بەڵام بە پشکنینەکان دەرکەوت نەخۆشییەکەی نییە.
 
خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ
 
- بەکارهێنانی دەستكێش، ماسک و جلوبەرگی تایبەت
- دەستشووشتن
- نابێت ئەندامانی خێزان کۆببنەوە لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- سەرجەم پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕدراو بخرێتە نێو کیسی داخراو
- پاکژکردنی چەقۆکان دوای سەربڕین بە دەرمانی دژەبەکتریا و دژەڤایرۆس
- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕدرێت بە ''فاست''
- دوای سەربڕینی ئاژەڵ 24 کاژێر گۆشت لەنێو بەفرگردا هەڵبگیرێت 
- باشترە گۆشت بکوڵێندرێت 
- بەکارنەهێنانی ئەو ئاژەڵانەی گەنە یاخود مێروویان پێوەیە
 
گواستنەوەی تای خوێنبەربوون 
 
- پێوەدانی گەنەی تووشبوو بە نەخۆشییەکە 
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە پاشماوە، گۆشت و ئاژەڵی تووشبوو بە نەخۆشییەکە 
- بەرکەوتن بە شلە و پاشماوەی کەسی تووشبوو 
- بەرکەوتن بە شلە، گۆشت و پاشماوەی ئاژەڵێک کە گەنەی لەسەر بێت
 
ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان زیاترە 
 
* ئاژەڵدار 
* گۆشتفرۆش
* کرێکارانی سەربڕخانەکان
* پزیشکی ڤێتێرنەری 
* کابانی ماڵەوە 
* بەرکەوتەی کەسی تووشبوو 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە