رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار رایدەگەیێنێت، هەموو کارمەندە تەندروستییە گرێبەستەکانی گەرمیان بایکۆتی کاریان کردووە، ئەمەش بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیانەوە بووە. تەندروستیی گەرمیانیش دەڵێت: لە هەوڵداین بۆ چارەسەر.
ئەمڕۆ شەممە 21-6-2025 د. حارس محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار بە رووداوی راگەیاند، لەنێو نەخۆشخانەکە 58 کارمەندی تەندروستیی گرێبەست هەن کە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی وەزارەتن، بەڵام لەکۆی شەش مانگی ئەمساڵ، تەنیا یەک مووچەیان وەرگرتووە.
د. حارس محەممەد دەڵێت: هەموویان بایکۆتی کاریان کردووە و دەوام نەکردنیان یەکێکە لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی تەندروستیی گەرمیان.
لەبارەی خۆبەخشەکانیشەوە بەهەمان شێوە گوتی، ''ئەوانیش دوای بڕینی ئەو پارەیەی پێیان دەدرا، لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19 و نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک، بایکۆتی دەوامیان راگەیاند''.
هەر ئەمڕۆ ئازاد محەممەد فەرەج، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان بە رووداوی گوت، ''لیژنەی تایبەت بە پرسی کارمەندانی گرێبەست دانراوە و چاوەڕێی وەزارەتی دارایین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە''.
بەپێی تەندروستیی گەرمیان، ژمارەی ئەو کارمەندە گرێبەستانەی سنوورەکە کە مووچەکانیان لەسەر پەرەپێدانە، 138 کەسن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ