رووداو - تەندروستی
ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، پسپۆڕێکی نەخۆشی و گەشەی منداڵان رایدەگەیێنێت، کۆنتڕۆڵکردنی بەکارهێنانی شاشەکان لەلایەن منداڵانەوە ئەرکی سەرەکیی دایبابە و پێویستە دوو کاژێر پێش نووستن، منداڵ هیچ شاشەیەک نەبینێت.
د. لاولاو فارووق زادە، پسپۆڕی نەخۆشی و گەشەی منداڵان بە رووداوی راگەیاند، بایەخ بە حەز و ئارەزووی منداڵ لە هەڵبژاردنی کەلوپەلەکانی قوتابخانەی بدرێت و باسی رێگەکانی خۆپاراستنی بۆ بکرێت لە سەر شەقام و لەنێو قوتابخانە.
ئەو پسپۆڕە چەند مەرجێک لەکاتی دەستپێکردنی خوێندن بۆ قوتابییان پێشنیاز دەکات؛
- زوو خەوتن، زوو هەستان
هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی خوێندن منداڵەکەت رابهێنە بۆ ئەوەی زووتر بخەوێت. حەمامکردن و خوێندنەوە پێش خەوتن دەتوانێت یارمەتیی منداڵەکەت بدات زووتر بخەوێت.
- کاتی شاشە سنووردار بکە
گەڕانەوە بۆ قوتابخانە دەرفەتێکی تەواو گونجاوە بۆ دووبارە سنووردارکردنی کاتی شاشە. بۆ ئەم مەبەستە ئێواران دوو کاژێر پێش خەوتن هەموو خێزانەکە شاشەکانی TV، ئای پاد و مۆبایل بکوژێننەوە.
- بایەخدان بە حەزی قوتابی
هەوڵبدە منداڵەکە رۆڵێکی چالاک بگێڕێت لە ئامادەکاری بۆ گەڕانەوە بۆ قوتابخانە وەکو هەڵبژاردن و رێکخستنی پێداویستییەکانی قوتابخانە و جلوبەرگی نوێ.
- جانتای گونجاو هەڵبژێرە
ئەگەر جانتاکەی زۆر قورس بێت یان بە شێوەیەکی نادروست لەبەربکرێت، دەبێتە هۆی گرژبوونی ماسوولکەکان و سەرئێشە و ئازاری مل. هەوڵبدە جانتایەک هەڵبژێریت کە لە قوماشێکی بەهێز و سووک دروستکراوە و تەوقەی پانی هەبێت کە پشتگیریی شانەکانی منداڵەکەت بکات. نابێت تەنیا جانتای یەک شانی بێت.
- باسی خۆپارێزی و سەلامەتی بکە
پێداچوونەوە بە یاساکانی سەلامەتیی دەرەوەدا بکە شتەکانی وەکو سەیرکردنی هەردوو لای پێش ئەوەی شەقامەکە ببڕن، هەموو رۆژێک هەمان رێگە بگرنەبەر ئەگەر بەپێ دەڕۆن، ئاشنابوون بە یاساکانی پەڕینەوە و وریابوون لە قسەکردن لەگەڵ کەسانی نامۆ.
- ئاهەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بگێڕن
ئەگەر یەکەم رۆژی خوێندن ئاهەنگ بگێڕیت، منداڵەکانت چێژ لەگەڕانەوە بۆ قوتابخانە وەردەگرن. هەمان رۆژی دەستپێکی خوێندن ئاهەنگێکی گەڕانەوە بۆ قوتابخانە تاقیبکەرەوە، لەگەڵ کێک و باڵۆن و دیاری پەروەردەیی.
ساڵی نوێی خوێندن
ئەم ساڵ خوێندنی 2025 - 2026ـە؛ نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی لە قوتابخانەکاندا دەخوێنن، 150 هەزار لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردین لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
ساڵانە، نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەی قوتابییەکانی ئەم ساڵ بە دیاریکراوی رانەگەیێندراوە.
سەبارەت بە ژمارەی قوتابخانەکان، نزیکەی 6000 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان هەن، 57%یان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکن و 43%یان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ