نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی شۆرەش - هێتیت لە شێلادزێ دەکرێتەوە

21-10-2025
هەوار جەلالەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕيارە سبەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نەخۆشخانە شۆرەش - هێتیت لە شێلادزێ بکاتەوە، کە لە 100 قەرەوێڵە و چوار نهۆم و 6 هۆڵی نەشتەرگەری پێکدێت.
 
د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سبەی بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەی شۆرەش - هێتیت لە شێلادزێ دەکرێتەوە، دەخرێتە خزمەتی هاونیشتمانییانی ناوچەکە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک گوتیشی، نەخۆشخانەکە لە سەر رووبەری 43 ھەزار مەتر دووجا دروستکراوە، لە چوار نهۆم، ژێرزەمینێک و 6 هۆڵی نەشتەرگەریی پێک دێت و بە شێوەیەکی سەردەمییانە دروستکراوە، شوێنی مانەوەی پزیشک، نیشتنەوەی ھێلیکۆپتەر و پارککردنی ئۆتۆمبێلی تێدایە.
 
لە بارەی بوودجەکەی د. ئەفراسیاب مووسا دەڵێت، نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی شۆرەش - هێتیت بە گوژمەی 43 ملیۆن دۆلار دروستکراوە و هەموو ئامێر و پێداویستییەکی پزیشکیی پێشکەوتووی بۆ دابین کراوە.
 
 وارشین سەلمان، قائیمقامی ئامێدیش بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، هەموو ئامادەکاریەک بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەییەکەی شۆرەش – هێتیت لە کۆمەڵگای هێتیت لە سنووری قەزای ئامێدی کراوە، هەموو ئامێر و پێدایستییەکان و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بۆ دابینکراوە.
 
رۆژی 07-09-2020 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێكدا بەردی بناخەی نەخۆشخانەکەی دانا.
 
قەزای ئامێدی دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆک، لەڕووی رووبەرەوە گەورەترین قەزایە لەو سنوورەو نزیکەی 100 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێن، بەهۆی ئەوەی قەزاکە و ناحیەکانی دەوروبەری ئەم ناوچەیە شاخاوین، لە وەرزی زستاندا بەشێک لە رێگەکانی ئەو دەڤەرە بەهۆی بەفربارینەوە دەگیرا، ئەگەرچی نەخۆشخانەیەک لە سەنتەری قەزایەکە هەیە، بەڵام خەڵکی ناحیەکان بە ئاسانی نەیاندەتوانی بگەنە ئەو نەخۆشخانەیە، هەربۆیە کرنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە ئاسانکارییە بۆ خەڵکەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە