رووداو - تەندروستی
د. نەواڕ عاسم، هاوژینی محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی ئێستای حیزبی تەقەدوم هەڵمەتی پێشگیریکردن لە شێرپەنجەی مەمکی راگەیاند و دەڵێ، هێمای پەمەیی بوونمان، بۆ هەموو ئەوانەیە کە بەرەنگاری شێرپەنجە بوونەتەوە.
د. نەواڕ خۆیشی چالاکڤانێکی مەدەنییە و سەرۆکی رێکخراوێکە، چەندان چالاکیی بۆ پاڵپشتیی خانمان و منداڵان کردووە و لەم مانگەدا کە بە مانگی ''ئۆکتۆبەری پەمەیی'' ناسراوە، هەڵمەتێکی پاڵپشتیی خانمانی تووشبووی شێرپەنجەی مەمکی راگەیاندووە، ئەو لەبەردەم سەتان خانم پارچەیەک لە قژی دەبڕێت.
د. نەواڕ عاسم بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت: هەنگاوەکانمان پەمەین، هیوامان زۆرە بۆ هەموو ئەوانەی بەرەنگاری شێرپەنجە بوونەتەوە.
هەڵمەتی رووداو بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە
لەم مانگەدا تۆڕی میدیایی رووداو هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' راگەیاندووە. ئامانجی سەرەکیی لونای پەمەیی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەوەی پشکنینی پێشوەختە بکەن، چونکە چەند زوو شێرپەنجە دەستنیشانبکرێت، ئەوەندەش چارەسەرەکەی ئاسان دەبێت و خەرجییەکەی کەمتر دەبێتەوە. تەنانەت گوشاری سەر نەخۆشخانەکانیش کەم دەبێتەوە.
هەڵمەتەکە لەلایەن دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداوەوەیە بە هاوبەشیی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک، سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە سلێمانی و سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک و هەرس و جگەر لە هەڵەبجە، لەگەڵیشیدا هەریەک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی وێڵفەر و شار کە لە شاری هەولێرن.
دەتوانن لەم لینکەوە خۆتان تۆمار بکەن و بە خۆڕایی پشکنینی نەخۆشییەکانی مەمک بکەن (www.luna.rudaw.net).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ