خانمانی رووداو بەشدارییان لە هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' کرد و پشکنینیان ئەنجامدا

21-10-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
نالین - هێڤیدار - کەڤین - ساهیرە
نالین - هێڤیدار - کەڤین - ساهیرە
A+ A-
رووداو - تەندروستی

هەڵمەتی لونای پەمەیی بەردەوامە و نزیکەی دوو هەفتەیە بە چەندین کار و چالاکی خانمانی تێدا هۆشیار دەکرێتەوە بۆ ئەوەی پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییەکانی مەمکیان بکەن، ئەمڕۆش بەشێک لە خانمانی رووداو بەشدارییان کرد و پشکنینیان کرد.
 
نالین حەسەن، پێشکێشار یەکێکە لەو خانمانەی چووە بۆ پشکنینی نەخۆشییەکانی مەمک و دەڵێت: پێویستە هەر خانمێک زوو پشكنین بۆ خۆی بکات و لە تەندروستیی خۆی دڵنیا ببێتەوە.
 
هێڤیدار زانا، پێشکێشکارێکی دیکەی رووداوە و لەبارەی هەڵمەتەکەوە دەڵێت، لە ساڵانی رابردوو پشکنینەکەی کردووە و گرێیەک دەرچووە، بەڵام گرێیەکی ئاسایی بووە، ئێستاش بە باشی زانیوە کە بۆ لێپێچینەوە لە تەندروستیی، پشکنین بکاتەوە.
 
دکتۆر لونا ئاماژە بە ساهیرە سدیق، بەرپرسی تەکنیکیی رووداو دیجیتاڵ دەکات و دەڵێ کە کەمێک ترسی هەبووە لە ئەنجامی پشکنینەکە، بەڵام هانی داوە بۆ ئەوەی بیکات و ساهیرە سدیقیش لە نێو نەخۆشخانەکە گوتی، ''پشکنینەکە شایەنی ئەو ترسە نەبوو و هیوادارم هەموو خانمان پشکنینی پێشوەختە بکەن''.
 
پشکنینەکە لە نەخۆشخانەی تایبەتی شار بوو لە هەولێر کە یەکێکە لەو نەخۆشخانانەی بەشدارە لە هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' دکتۆر عەبدولسەلام تەها، بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەی شار دەڵێت: بڕیارمانداوە پشکنینی مامۆگرافی بۆ 100 خانم بکەین، ئەویش لەڕێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمی هەڵمەتی لونای پەمەیی و دواتر خۆمان پەیوەندییان پێوە دەکەین.
 
هەڵمەتی رووداو بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە
 
لەم مانگەدا تۆڕی میدیایی رووداو هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' راگەیاندووە. ئامانجی سەرەکیی لونای پەمەیی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەوەی پشکنینی پێشوەختە بکەن، چونکە چەند زوو شێرپەنجە دەستنیشانبکرێت، ئەوەندەش چارەسەرەکەی ئاسان دەبێت و خەرجییەکەی کەمتر دەبێتەوە. تەنانەت گوشاری سەر نەخۆشخانەکانیش کەم دەبێتەوە.
 
هەڵمەتەکە لەلایەن دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداوەوەیە بە هاوبەشیی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک، سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە سلێمانی و سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک و هەرس و جگەر لە هەڵەبجە، لەگەڵیشیدا هەریەک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی وێڵفەر و شار کە لە شاری هەولێرن.
 
دەتوانن لەم لینکەوە خۆتان تۆمار بکەن و بە خۆڕایی پشکنینی نەخۆشییەکانی مەمک بکەن (www.luna.rudaw.net).
 
لەم شوێنانە پشکنینی پێشوەختە بۆ نەخۆشییەکانی مەمک دەکرێت
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە