رووداو - تەندروستی
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ کوڕێک بەهۆی بیستنی هەواڵی مردنی باوکی، ''بە جەڵتەی دڵ'' گیانی لەدەستدا؛ پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرەش رایدەگەیێنێت، 90٪ـی هۆکاری جەڵتەکە دۆخێکی زانستییە بەناوی دڵشکان.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق بە رووداوی راگەیاند، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ وەستا حوسێن بە جەڵتە گیانی لەدەستداوە و کوڕەکەی کە ناوی عەبدوڵڵایە، دوای بیستنی هەواڵی مردنی باوکی، ئەویش جەڵتە لێی داوە و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
د. شوان عوسمان ئەمین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە هەولێر بە رووداوی گوت، ئەو کوڕەی کە بە هەواڵی مردنی باوکی گیانی لەدەستداوە هۆکارەکەی دەشێت حاڵەتی broken heart syndrome بێت کە کەسی تووشبوو رەنگە بە هەواڵی خۆش یان هەواڵی ناخۆش تووشی ببێت.
د. شوان عوسمان روونی دەکاتەوە، لەکاتی بیستنی هەواڵێکی دڵتەزێن و بەپەلە گۆڕانکاری لە هۆرمۆنەکان روودەدات و بەمەش دڵ زۆر هەستیار دەبێت بەو گۆڕانکارییە هەربۆیە ئەگەری تێکچوونی کارەبای دڵ زیاددەبێت و جەڵتەی دڵ دروستدەبێت.
ئەوانەی گرووپی مەترسیدارن ئەمانەن؛
- خانمان زیاتر تووشدەبن
- کەسانی تەمەن 30 تاوەکو 40 ساڵان
- ئەوانەی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنیان هەیە
- منداڵان
لەکۆتاییشدا گوتی، دەستنیشانکردنی حاڵەتەکان پێویستی بە توێکاری هەیە بۆ ئەوەی هۆکاری جەڵتەکە یەکلایی ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ