رووداو - تەندروستی
پزیشکی گشتیی ڤاتیکان رایدەگەیێنێت، پاپا فرانسیس بەهۆی جەڵتەی مێشك و دواتریش سستبوونی دڵی گیانی لەدەستداوە، ئاماژە بەوەشدەکەن، ئەو هەوکردنی درێژخایەنی سییەکانی هەبوو و لە رابردووش بەهۆیەوە چەندان رۆژ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.
د. ئاندریا ئارکانجڵ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی و خاوێنی لە ڤاتیکان ئاشکرای دەکات، پاپا فرانسیس دوای تووشبوونی بە جەڵتەی مێشک، دڵیشی سستبووە و لەکارکەوت، بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئاماژە بەوەشدەکەن کە پاپا هەمیشە هەوکردنی درێژخایەنی سی هەبووە و تەنیا لایەکی سییەکانیشی کاریان کردووە، چونکە لە تەمەنی گەنجیدا بەهۆی نەخۆشییەکەوە لایەکی سییەکانی لەدەستدابوو.
ئەو هەوکردنەی ئەم دواییانەی کە هەوکردنی تووندی بۆڕیچکەکانی هەوای سییەکانی بوو، وایکرد 38 رۆژ لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە کە ئەوە درێژترین ماوەی مانەوەی بووە لە ماوەی پاپایەتیدا.
پاپا فرانسیس هەریەک لە نەخۆشییەکانی شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن و هەوکردنی بۆڕیچکەکانی سییەکانی هەبووە.
ئەو لە ئەرجەنتین لە ساڵی 1936 لەدایکبووە، کەنیسەی گشتیی ڤاتیکان دەڵێت: لە 7:35 خولەکی دوێنێ بەیانی کۆچی دوایی کرد.
دامەزراوەی جەڵتە لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بۆ ناسینەوەی جەڵتەی مێشک چەند نیشانەیەکی سەرەتایی هەن وەکو
- ناڕێکیی رووخسار
- سڕبوونی لایەکی جەستە
- قورسبوونی زمان
- تێکچوونی جووڵە
- ناڕێکیی هاوسەنگیی جەستە
- لاوازبوونی بینین
هەروەها دامەزراوەکە هۆشداریدەدات، هەر کەسێک تووشی یەکێک یاخود چەند نیشانەیەکی جەڵتەی مێشک بوو ئەوا پێویستە لانیکەم لە 30 خولەکدا بگەیێندرێتە نەخۆشخانە تاوەکو چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت و کاریگەریی جەڵتەکە لەسەر جەستە و مێشکی تووشبووەکە کەمببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ