رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری سەنتەری گەلیاوەی فێرکاری بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان لە هەولێر رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ (تاوەکو مانگی 10) هەزار و 120 تووشبووی نوێی شەکرە لە هەولێر تۆمار کراون و ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە، بەڵام هێشتا تۆمار نەکراون.
ئەمڕۆ شەممە 22-11-2025 د. مەهدی حەمەدەمین، بەڕێوەبەری سەنتەری گەلیاوەی فێرکاری بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لەڕووی دەرمانەوە دەرزیی ئەنسۆلین بەردەستە، بەڵام حەب و دەرمانەکانی دیکەی شەکرە و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دیکە کورتهێنانیان تێدەکەوێت و ئەوەش لە بەغداوەیە.
د. مەهدی حەمەدەمین دەڵێت: بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە رێژەی سەردانیکردن بۆ نەخۆشخانەکەش کەم بووەتەوە، چونکە خەڵک کەمتر دەفتەری وەرگرتنی دەرمان دەکەن.
لەبارەی ئاماری منداڵان لەو سەنتەرە گوتی، ئەم ساڵ 66 تووشبووی نوێ لە منداڵان تۆمار کراون.
ئەم سەنتەرە دەکەوێتە سەر رێگەی بەحرکە، بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەکە، ئێستا 53 هەزار تووشبووی شەکرە دەفتەری وەرگرتنی دەرمانیان بۆ کراوەتەوە.
بەپێی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی شەکرە، پشکنینی شەکرە بۆ منداڵانی تەمەن 10 ساڵ یان زیاتر بکرێت، بەتایبەت ئەگەر منداڵەکە قەڵەو بێت و یەکێک لەم هۆکارە مەترسیدارانەى هەبێت:
- تووشبوون به جۆری دووەمى شەکرە لەنێو ماڵباتی منداڵەکە.
- دایکى منداڵەکە تووشی شەکرەى دووگیانی بووبێت لەماوەی دووگیانی بە منداڵەکە.
- دەرکەوتنی نیشانەکانی بەرگریی ئەنسۆلین وەکو کیسى هێلکەدان.
- کورد بە یەکێک لەو رەچەڵەکانە دادەنرێت کە جۆری دووەمى شەکرە باوە لە ناویان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ