بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ شیری قوتوو هی منداڵ نییە و هی گوێرەکەیە

22-11-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
دکتۆر ئاراس برادۆستی گوێرەکەیەکی هێناوەتە نێو ستۆدیۆ.
دکتۆر ئاراس برادۆستی گوێرەکەیەکی هێناوەتە نێو ستۆدیۆ.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئاراس لەبارەی شیری دەستکرد بوو بۆ منداڵان و پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان ئاشکرای دەکات، لەنێو نەخۆشخانەکان رێکلام بۆ شیری قوتوو دەکرێت.
 
لەنێو بەرنامەکەدا گوێرەکەیەک هێنرایە نێو ستۆدیۆ و دکتۆر ئاراسیش ئەم قسانەی لەسەر دەکات؛ ''شیری دەستکرد هی مانگایە و بۆ گوێرەکە کراوە نەک منداڵ، چونکە هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین (هۆڕمۆنی خۆشەویستی) لەو شیرەدا نییە و هەروەها کۆمەڵێک دژەتەن لە شیری دایکدا هەن و لە شیری قوتوودا نین، ئەمانەش بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی منداڵ گرنگن''.
 
د. دەوەن دڵشاد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت: هەتا شیری دایک هەبێت، شیری قوتوو (شیری مانگا) گوناحە بدرێت بە منداڵ، چونکە شیری دایک هەموو پێکهاتەیەکی تێدایە کە بۆ گەشە و ئەندامەکانی جەستەی منداڵ گرنگن.
 
د. دەوەن دڵشاد ئاشکرای دەکات، ''لەنێو نەخۆشخانەکان رێکلام بۆ شیری قوتوو دەکرێت'' و ''رێککەوتنی نێوان پزیشکان و کۆمپانیاکانی شیر، وایکردووە دایکان هانبدرێن بۆ بەکارهێنانی شیری قوتوو لەبری شیری خۆیان''.
 
عەیشان فارس، پەرستاری منداڵان لە دهۆکەوە هاتووەتە نێو بەرنامەکە و دەڵێت: زۆرجار دایک هیچ نەخۆشی و ناڕێکییەکی نییە، بەڵام شیری خۆی نادات بە منداڵ.
 
عەیشان فارس باسی ئەوە دەکات کە دایک دەشێت شیری خۆی هەڵبگرێت و لەکاتی پێویستتدا بیدات بە منداڵ، بەجۆرێک ئەگەر بۆماوەی 24 کاژێر هەڵیبگرێت، دەبێت لە پلەی گەرمی کەمتر لە 15 دایبنێت، ئەگەر بۆ چوار رۆژ تا هەفتەیەک هەڵیبگرێت، دەبێت لە پلەی گەرمیی 3 بۆ 4 پلەدا هەڵیبگرێت، ئەگەریش بیەوێت چەندین مانگیش هەڵیبگرێت، ئەوا پێویستە لەنێو بەفرگردا دابنرێت و هیچ کێشەیەکی نابێت.
 
بەڵام هۆشداریش دەدات کە مەمەی شیری شووشە لەبری پلاستیک بەکاربێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە