خواردنەوەی قاوە یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی کێش

22-12-2020
رۆژین مەهدی
رۆژین مەهدی
نیشانەکردن قاوە، دابەزاندنی کێش
A+ A-

رووداو- دیجیتاڵ

قاوە یەکێکە لەو خواردنەوانەی لە سەرانسەری جیهان بەشێکی زۆری خەڵکی ئازەرووی خواردنەوەی دەکەن بە تایبەت لە بەیانییاندا، قاوە ئەگەر بەبێ شەکر بخورێتەوە و بە شێوەیەکی هاوسەنگ بخورێت سوودی تەندروستی ئێجگار زۆری هەن.


توێژینەوە پزیشکییەکان دەریانخستووە، قاوە جگەلەوەی وزەیەکی باش دەداتە جەستە و کافایینەکەی نێوی یارمەتیدەرە بۆ چالاکمانەوە، لەهەمانکاتدا بە دژەئۆکسێنەکان دەوڵەمەندە کە رۆڵی گرنگیان هەیە لە تەندروستهێشتنەوەی خانەکانی جەستە و کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە، شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ. 

یەکێکی دیکە لە سوودەکانی قاوە ئەوەیە بۆ دابەزاندنی کێش رۆڵی هەیە، بەگوێرەی ئەو توێژینەوە پزیشکییانەی کراون، قاوە زیندەچالاکییەکانی جەستە چالاکتردەکات، هەروەها کافاینی نێو قاوە بە گشتی ئارەزووی خواردن کەمدەکاتەوە بەمەش یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی کێش.

توێژینەوەیەکی پزیشکانی سەنگاپوورە کە لەسەر 126 کەسی قەڵەو ئەنجامدراوە و بۆماوەی 24 هەفتە بەدواداچوونیان بۆ کراوە دەرکەوتووە ئەوانەی رۆژانە چوار کوپ قاوەی تاڵ دەخۆنەوە ٪4ی چەوری جەستەیان کەمیکردووە.

قاوەی تاڵ هیچ بڕێکی کۆلیسترۆڵ و چەوریی تێدانییە ئەمەش دەریخەری ئەوەیە کە خواردنەوەی قاوە بەبێ شەکر نابێتەهۆی قەڵەوبوون.

پزیشکان رێنماییدەدەن رۆژانە بایەخ بە خواردنەوەی قاوە بدرێت بەڵام زیادەڕەویشی تێدانەکرێت ، بەگوێرەی رێنماییەکانی مایۆکلینیک باشتروایە لە 400 ملیگرام زیاتر نەخورێتەوە کە ئەمەش بەرامبەرە بە نزیکەیی چوار کوپ قاوە لە رۆژێکدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە