پسپۆڕێک: تائێستا پەتای وەرزی بە خێرایی بڵاوبووەتەوە، بەڵام جێی مەترسی نییە

23-04-2024
شکار رێبوار
د. هاوکار عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ. وێنە: رووداو
د. هاوکار عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ ئاشکرای دەکات، بەراورد بە ساڵی رابردوو پەتای وەرزی تائێستا بە خێرایی بڵاوبووەتەوە، بەڵام جێی مەترسی نییە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی نیسانی 2024 د. هاوکار عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ لە بوولتەنی تەندروستیدا بە رووداوی راگەیاند، زۆرجار هەستیاری لە رێگەی بەرکەوتن بە گژوگیاکانەوە تووشی مرۆڤ دەبێت و بەشێوەیەکی گشتی پەتای وەرزی بە تووندی لەنێو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە.
 
د. هاوکار عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ لەبارەی نیشانەکانی نێوان هەستیاری و ئەنفلەوەنزا دەڵێت: لە ئەنفلەوەنزا و پەتا ڤایرۆسییەکان هەریەک لە نیشانەکانی وەکو 'تای بەرز، سەرئێشە، بێهێزی و ئازاری جومگەکان' هەن، بەڵام ئەمانە لە هەستیاریدا بەدیناکرێن.
 
لەبارەی تووندیی نیشانەکانی پەتاکان و نەخۆشییە گوازراوەکان ئەو پسپۆڕە گوتی، پشت بە بەرگریی جەستەی کەسەکە و تەندروستیی جەستەی دەبەستێت، بەجۆرێک ئەگەر کەسێک بەرگریی جەستەی بەهێزبێت، ئەوا نیشانەکانی پەتاکانیشی لەسەر کەمتر دەردەکەوێت و نیشانەکان بە لاوازی دەگرێت.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا د. هاوکار عەلی ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکات کە لەکاتی هەستیاریدا پێویستە رەچاوبکرێن وەکو 'خواردنەوەی شلەمەنی، خواردنی ئاو بۆ پێشگیری لە وشکبوونەوەی جەستە و پشوودان'، تەنانەت ئەوەش باسدەکات کە بەهیچ شێوەیەک دەرمانی دژەبەکتریاکان و ژیناو بەکارنەیەن.
 
هەروەها روونی دەکاتەوە، لەکاتی تووشبوون بە هەستیاری دەنکۆڵەی پاراسیتامۆڵ ''پاراسیتۆڵ'' بەکارنەیەت و پێویستە دەرمانی دژەهەستیاری لەژێر راوێژی پزیشکدا بەکاربێت، تەنانەت لەبارەی دەرزیی تێکەڵەوە دەڵێت: ''هەرچەندە بۆ ماوەیەکی کورت بەکارهێنەرانی هەست بە باشبوون دەکەن، بەڵام لێکەوتی مەترسیداری لەسەر تەندروستی دەبێت''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە