نەخۆشنامە؛ زۆر لێکدانەوەی جەنگ گوشاری دەروونی دروست دەکات

23-06-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

چارەسەرکارێکی دەروونی ئاشکرای دەکات، ئێستا باسکردنی شەڕ وەکو حەز، ئارەزوو و خۆشییەکی لێهاتووە؛ گوتیشی، زۆرجار باسکردنی وردەکاریی هەواڵەکان و لێکدانەوەیان مێشک ئازار دەدەن و گوشاری دەروونی دروست دەکەن.
 
کۆچەر خۆشناو، چارەسەرکاری دەروونی میوانی ئەمجارەی پۆدکاستی نەخۆشنامەیە و دەڵێت: پێویستە کاتی دیاریکراو بۆ گوێگرتن و سەیرکردن لە هەواڵەکان دابنرێت و بۆ منداڵیش کۆنتڕۆڵی بینینی هەواڵ و ڤیدیۆکانی جەنگ بکرێت.
 
د. هونەر رێبوار دەپرسێت: چوار بۆ شەش کاژێر بەکارهێنانی مۆبایل لەڕووی دەروونییەوە مانای چییە؟؛ کۆچەر خۆشناو لە وەڵامدا دەڵێت: زۆرجار بۆ خۆدزینەوە لە شتە قورسەکان، مۆبایل بەکاردەهێندرێت.
 
د. هونەر وەکو پێشکێشکاری پۆدکاستەکە، چیرۆکی خۆی و نەخۆشێکی دەگێڕێتەوە کە نەخۆشێکی پیاو هاتووەتە لای و ماوەیەکی زۆر سکئێشەی هەبووە، کۆمەڵێک پشکنینی کردبوو بەڵام هەمووی باش بوو، لە بەدواداچوونی زیاتری د. هونەردا دەرکەوت، ئەو نەخۆشە ئاوارەیی بینیوە و قوربانییەکی جەنگەکان بووە. لە شەڕی داعشیشدا رایکردبوو، بەو هۆیەش دووچاری تێکچوونی دەروونی بووبوو و نیشانەکانیشی بە جیاوازی لەسەر دەرکەوتوون.
 
نەخۆشنامە پۆدکاستێکی تەندروستی گشتییە، چیرۆکەکانی نەخۆشخانە و گرفتە تەندروستییەکانی کۆمەڵگە دەخاتەڕوو، هەروەها لەڕێگەی میوانی تایبەتمەندەوە هەرجارەو باسی کێشەیەکی تەندروستی دەکات و چارەسەرییەکانی رووندەکاتەوە. ئەم پۆدکاستە هەفتانە د. هونەر رێبوار پێشکیشی دەکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە