لە نەخۆشخانەی بلێ بۆ یەکەمجار دوو ئامێری پێشکەوتوو بەکارهاتن

23-07-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە نەخۆشخانەی فێرکاریی بلێ بە دوو ئامێری پێشکەوتوو و کواڵیتیی بەرز دوو نەشتەرگەری ئەنجامدران، پسپۆڕێکی وردی میزەڕۆ کە نەشتەرگەرییەکانی کردووە دەڵێت، بۆ یەکەمجارە لە نەخۆشخانەی حکومی ئەو تەکنیکە نوێیانە بەکاردەهێندرێن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-7-2025 د. دانا شێروانی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ بە رووداوی راگەیاند، ئەو دوو ئامێرە کە لە بلێ بەکارهاتوون، لە هەولێریش نین {چونکە ئەو پسپۆڕە لە نەخۆشخانەکانی هەولێریش دەوام دەکات}، هەر بۆیە گوتی، ''ئەوە یەکەمجارە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەکاردەهێندرێن''.
 
د. دانا شێروانی روونی کردەوە، یەکێک لە نەشتەرگەرییەکانی شکاندنی بەردێکی گەورەی 1.2 سانتیمەتری لەڕێگەی هەناوبینی نەرم و لێزەرە؛ ئەوەی دیکەیان هەڵگرتنی پڕۆستاتێکی گەورەبووە بە قەبارەی 80 گرام بۆ نەخۆشێکی 85 ساڵان، لەڕێگەی بایپۆلەر و نیو بەنج.
 
لەبارەی کاریگەریی ئەو دوو نەشتەرگەرییە دەڵێت، لە هەولێر ئەو ئامێرانە بەردەست نین، بەڵام لە شوێنێکی دوورە دەستی وەکو نەخۆشخانەی بلێ بایەخێکی زۆری بۆ هاونیشتمانییانی ئەو ناوچەیە دەبێت و ئێستا هەردوو نەخۆشەکەش کە ئەو تەکنیکە نوێیانەیان بۆ بەکارهات، تەندروستن.
 
د. کامەران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران رایگەیاند، ئەو دوو ئامێرە لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران دابینکراون، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرپرسانی ئەو دەڤەرەیە بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستیی سۆران و دەوروبەری.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە