لە بەریتانیا دەرمانێکی نوێ هەلی مانەوەی زیاتر بە تووشبووانی شێرپەنجەیەکی کوشندە دەدات

23-08-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

مارتن هیوێتی 75 ساڵ، شێرپەنجەی میزەڵدانی هەیە و داهێنانێک ئومێدێکی گەورەی بۆ دروست کردووە، چونکە شێرپەنجەکەی بە نەشتەرگەریش چارەسەر ناکرێت، بەڵام بەم دەرمانە تەمەنی درێژتر بووەتەوە.
 
ئەو دەڵێت: ''ئەمە ژیانێکی نوێیە، هەلت پێدەدات بۆ ئەوەی بەردەوام بیت لە ژیان، بە بڕوای من ئەگەر ئەو هەلەت بۆ رەخسا وەری بگری، پێویست ناکات زۆر بیری لێبکەیتەوە و یەکسەر وەری بگرە، هیچ نائاسوودەییەکی نییە، چەند کاریگەرییەکی لاوەکیت بۆ دروست دەبێت، بەڵام باشترە لەوەی بمریت''.
 
توێژەرانی نەخۆشخانەی سانت بارتسی بەریتانی، دوو دەرمانیان تێکەڵ بەیەک کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەکە، دەرمانەکە دەدرێت بەوانەی شێرپەنجەی میزەڵدانیان بڵاو بووەتەوە و ناشتواندرێت نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت.
 
دەرمانەکە لە تێکەڵەی دەرمانی Enfortunab vedotin و Pembrolizumab دروست دەکرێت و دوو ساڵ و نیویش تەمەنی تووشبووان درێژتر دەکاتەوە، چونکە هەم بەرگریی جەستە بەهێز دەکات و هەمیشە راستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر خانەکانی شێرپەنجەکە.
 
پزیشکان پێیان وایە، ساڵانە هەزار و 250 تووشبووی شێرپەنجەی میزەڵدان سوود لە چارەسەرەکە دەبینن و ئومێدی ژیانێکی درێژتریان بۆ دەگەڕێتەوە، تەنانەت 30٪ـیان چارەسەریش دەبن.
 
پڕۆفیسۆر د. تۆماس پاوڵس، پسپۆڕی شێرپەنجە دەڵێت: ''لە شێرپەنجەدا کە 40 ساڵە دژی تێدەکۆشین، یەکەمجارە ئەم پێشکەوتنە ببینین کە ئێستا دەتوانین بڵێین، ژیانی تووشبووان درێژتر دەکەینەوە، پێشم وایە هەندێک نەخۆش چارەسەر دەکەین''.
 
بەپێی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا، ساڵانە 10 هەزار تووشبووی شێرپەنجەی میزەڵدان تۆمار دەکرێن و نیوە زیاتریشیان گیان لەدەستدەدەن، چونکە شێرپەنجەکە کوشندەیە، بەڵام ئەم دەرمانە نوێیە، هیوایە بۆ تووشبووان تا وەکو مارتن، زیاتر لە ژیاندا بمێننەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە