پسپۆڕێک دوو رەنگی دەردراوی زێ لەماوەی سووڕی مانگانەدا بە مەترسیی جیدی دادەنێت

23-08-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
د. جوانیتا سەڵاح و دکتۆر لونا خالید
د. جوانیتا سەڵاح و دکتۆر لونا خالید
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون رایدەگەیێنێت، خۆراکە خێراکان، خواردنەوە گازییەکان و ناڕێکیی خەو کچان زووتر دەخەنە سووڕی مانگانەوە و ئەمەش دۆخی دەروونی و جەستەیی تێکدەدات.
 
ئەمڕۆ شەممە 23-8-2025 د. جوانیتا سەڵاح، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە بووڵتەنی تەندروستیدا هۆشداری دایە دایبابان لەوەی، منداڵە کچەکەیان دوور بخەنەوە لە خواردنەوە گازی و شەربەتەکان، چونکە سووڕی مانگانەیان تێکدەدات و دووچاری چەندان کاریگەریی لاوەکییان دەکات.
 
لەبارەی سووڕی مانگانەی ئاسایی د. جوانیتا سەڵاح دەڵێت: تەمەنی پێگەیشتن لەنێوان 8 بۆ 16 ساڵییە و بە شێوەیەکی گشتی لە 12 ساڵیدا دەستپێدەکات و دەبێت لەنێوان 21 بۆ 35 رۆژ جارێک سووڕی مانگانەی هەبێت و کاتەکەیش نزیکەی حەوت رۆژ دەخایەنێت. {ژمارەی پادەکانیشی پێویستە 2 بۆ 4 کاژێر جارێک، پادەکە بگۆڕێت}.
 
ئەو پسپۆڕە باسی رەنگەکانی خوێنی سووڕی مانگانە دەکات کە دەشێت دەرخەری دۆخی تەندروستیی خانمەکە بن وەکو؛
 
- رەنگی سوور یان پەمەیی؛ تەندروستە و ئاساییە.
- رەنگی سووری تۆخ؛ پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت.
- رەنگی قاوەیی؛ مانای وایە لە رۆژی یەکەم یاخود لە کۆتا رۆژەکانی سووڕی مانگانەیە.
- رەنگی رەش؛ لەوانە خانمەکە بۆڕییەکانی منداڵدانی گیرابێت.
- رەنگی پرتەقاڵی؛ واتا کەمێک شلەی زێی تێکەڵ بووە.
- رەنگی رەساسی و سەوز؛ ئاماژەیە بۆ هەوکردن
 
بەڵام ئەوەش باس دەکات، مەرج نییە هەموو رۆژێکی سووڕی مانگانە ئەم رەنگانە بن و دەشێت لە رۆژەکانی سەرەتا خوێنەکە سوور بێت، بەڵام لە رۆژەکانی دیکە رەنگەکەی بگۆڕێت بەوانی دیکە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە