لە ئەمریکا کاریگەرییەکی نوێی ڤاکسینی کۆڤید-19 ئاشکرا دەکرێت؛ دژی شێرپەنجەیە

23-10-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
ڤاکسین.
ڤاکسین.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

ناوەندێکی شێرپەنجە لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ڤاکسینی کۆرۆنا بەرگریی جەستەی دژی شێرپەنجە بەهێز دەکات، ئەمەش ئومێدێکە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە. چونکە تەمەنیان درێژتر دەکاتەوە.
 
د. ئادەم گریپین، توێژەری ناوەندی شێرپەنجەی ئێم دی ئاندێرسن لە ئەمریکا دەڵێت: ''بۆ ئەم توێژینەوەیە، زیاتر لە هەزار تووشبووی شێرپەنجەی سییەکان و پێستمان وەرگرت، کە دەرمانی چارەسەری بەرگریی دژی شێرپەنجەیان پێدرابوو و پێشووتریش ڤاکسینی کۆڤید 19ـی ئێم ئاڕ ئێن ئەیشیان وەرگرتبوو، دەرکەوت، ئەوانەی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، تەمەنیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر بووە لەچاو ئەو تووشبووانەی ڤاکسینەکەیان وەرنەگرتووە''.
 
دواین توێژینەوە لە ئەمریکا دەیسەلمێنێت، ڤاکسینی کۆرۆنا سیستمی بەرگریی جەستە بەهێز دەکات، نەک تەنیا دژی کۆرۆنا بەڵکو دژی خانە شێرپەنجەییەکانیش.
 
بەپێی توێژینەوەکە، ئەو تووشبووانەی شێرپەنجەی سییەکان و پێست کە ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە، 100 رۆژ ئەگەری مانەوەیان زیاد بووە.
 
د. ئادەم گریپین، توێژەری ناوەندی شێرپەنجەی ئێم دی ئاندێرسن لە ئەمریکا دەشڵێت: "ئەوەی دۆزیمانەوە ئەوەیە، ڤاکسینەکانی کۆڤید 19ـی ئێم ئاڕ ئێن ئەی  وەک ئاگادارکەرەوە کاردەکەن بۆ چالاککردنی سیستمی بەرگری لە هەموو جەستەدا."
 
ئێستا دانیشتووانی جیهان بەرگریی گشتییان بۆ کۆڤید-19 دروستکردووە و هەرچەندە تووشبوون پێی بەردەوامە، بەڵام دۆخەکە کۆنتڕۆڵە.
 
توێژەرانیش پێشنیاز دەکەن، هەموو کەسێک و بەتایبەتیش تووشبووانی شێرپەنجە ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە