رووداو - تەندروستی
دامەزراوەی ڤیژن فاوندەیشن پڕۆژەیەکی نوێ لەڕێگەی توێژینەوەیەکەوە لەبارەی دامەزراندنی بیمەی تەندروستی رادەگەیێنێت و توێژەرەکەی دەڵێت: 70٪ خەرجیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەسەر هاونیشتمانییان کەم دەکاتەوە.
یەکێک لە گرینگترین لێکۆڵینەوەکان کە تاوەکو ئێستا لەبارەی بیمەی تەندروستی نووسراوە لێکۆڵینەوەیەکی د. محەمەد عەبدولوەهابە، لە لێكۆڵینەوەیەکدا نەخشەڕێگەکەی کێشاوە و سەلماندوویەتی، چۆن لەڕیگەی ئەو پرۆژەیەوە دەتوانن خەرجی و گوشاری دەرمان و خەرجیی تەندروستی لەڕێگەی خێزانەکانەوە بەڕیژەی 70٪ کەم بکەنەوە.
ئەمڕۆ شەممە 24-1-2026 د. محەممەد عەبدولوەهاب، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵ و بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە سلێمانی باسی کاری دامەزراوەکە دەکات و رایگەیاند، چارەسەری گونجاو بۆ چینە کەمداهاتەکان دەدۆزنەوە وەکو (بێکار، بەساڵاچووان، منداڵان و پەنابەرەکان) تاوەکو تێچووی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان لەسەر کەم ببێتەوە.
بەگوتەی د. محەممەد عەبدولوەهاب، سیستمی بیمەی تەندروستیی وڵاتانی دەرەوەیان پەیڕەو کردووە و بەگوێرەی ئەو سیستمەی دایانناوە، لەماوەی 10 ساڵدا تێچووی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەسەر هاونیشتمانییان 70٪ بۆ 78٪ کەم دەکرێتەوە بۆ 20٪.
چۆن کەسی مووچەخۆر تێچووی خزمەتگوزاریی تەندروستی کەم دەبێتەوە؟
د. محەممەد باسی ئەوە دەکات، ئەگەر کەسێک مووچەخۆر بێت، تێچووی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی لە دوو سەرچاوەوە دەبێت، یەکەم لەو بیمەیەی کە لە مووچەکەی هەڵگیراوەتەوە، دووەم لەلایەن حکومەتەوە دەدرێت و لەو باجە دەبێت کە لە دەروازە سنوورییەکان لەسەر خۆراکە ناتەندروستەکان دادەنرێت، (دەشکرێت لەبری ئەوەی، هاوکاری خێرخوازەکانیش رۆڵ ببینێت لە پڕکردنەوەی تێچووەکە).
ئەگەر کەسێک پێویستی بە نەشتەرگەری بوو و پارەشی نەبوو چی بکات؟
د. محەممەد عەبدولوەهاب دەڵێت: کەسێک پێویستیی بە نەشتەرگەرییەک هەبوو و سێ ملیۆن دیناری عێراقی ویست، لەبری ئەوەی قەرز بکات و لە گیرفانی خۆی پارەکە بدات، ئەوکات بەگوێرەی بیمەی تەندروستییەکە پارەکەی بۆ تەرخان دەکرێت، بەڵام چینە لاوازەکان (بێکار، بەساڵاچووان، منداڵان و پەنابەرەکان) ناچار نابن پارە بدەن و ئەو بودجەیەی کۆکراوەتەوە لەوێوە دەدرێت.
بەڵام پێشنیازی ئەوەش دەکات، بۆ کەسانی هەژار و کەمداهات، پێویستە دامەزراوەیەکی نیشتمانی هەبێت بۆ کۆکردنەوەی داهات تاوەکو تەواوی خەرجییە تەندروستییەکان بۆ ئەو چینانە بدرێت.
لێکۆڵینەوەکە بەتەواوەتی زانستییەوە پێشنیاز و راسپارەدە دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دامەزراوەی بیمەی نیشتمانی دابمەزرێنن کە دامەزراوەیەکی حکومەیی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ