رووداو - تەندروستی
ئەنجوومەنێک کە لە نزیکەی 40 پزیشکی خۆبەخشی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، داوای هەڵدانی خێمەیەکی تەندروستی لەسەر سنووری رۆژئاوای کوردستان دەکەن.
د. رەوا قوربانی، پزیشکی نیشتەجێی خولاو راگەیاند، "دەروازەی سێمێلکا باشوور و رۆژئاوا لێکجیا دەکاتەوە و دەتوانین لەوێ بنکەی تەندروستی بکەینەوە و خێمە هەڵدەین و خزمەتی کوردانی رۆژئاوا بکەین و هاوکاریی پزیشکانییان بکەین."
سەبارەت بە میکانیزمی کارکردنیان، د. رەوا قوربانی، گوتی، "هەر کەسێک لە رۆژئاوا پێویستی بە چارەسەری پزیشکی بوو، دەتوانێت بێتە سێمێلکا و بۆ نەشتەرگەرییە قورسەکانیش، نەخۆشەکان دەگوازرێنەوە زاخۆ یان دهۆک و لەوێ نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت."
ئەو پزیشکە خۆبەخشە ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە 50%ـی پێداویستییە پزیشکییەکان لەنێو خێمەکەدا دابینبکرێن و گوتیشی، "ئەگەر هاوئاهەنگییەکە لەلایەن حکومەتەوە نەکرێت، ئەوا رووبەڕووی سزای کارگێڕی دەبینەوە."
بۆ دڵنیاییدان لەوەی کە کارەکەیان تەنیا مرۆییە، د. رەوا قوربانی، پێشنیازیکرد کە "دەتوانرێت ئەو کارە لەژێر چاودێریی رێکخراوەکاندا بکرێت بۆ ئەوەی بزانن ئامانجمان تەنیا مرۆڤدۆستییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ