رووداو - تەندروستی
بەرپرسی یەکەی تەندروستیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رۆژئاوای کوردستان ئاماژە بەوەدەکات رەوشی تەندروستی لە رۆژئاوای کوردستان باش نییە و رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت، دەشڵێت، "منداڵان تووشی بەدخۆراکی بوون و پێویستیان بە خۆراکە."
ئەمڕۆ شەممە 24-11-2026 د. عەباس ئازاد، بەرپرسی یەکەی تەندروستیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رۆژئاوای کوردستان، لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند پێویستییەکی زۆر بە دەرمانی دژەهەوکردن، دژەبەکتریاییەکان، شڕوب، کەلوپەلی فریاگوزاری و دەرمانە درێژخایەنەکان هەیە و ئەو دەرمانانەی لەبەردەستیاندایە تەنیا بەشی دوو بۆ سێ هەفتە دەکات.
بە گوتەی د. عەباس ئازاد، هیچ نەشتەرگەرییەک لە رۆژئاوای کوردستان ناکرێت و چەند پزیشکێک لە باشووری کوردستان داوایان کردووە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی سەردانی ئەو ناوچانە بکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو ناتوانن بچن.
د. عەباس ئازاد، کێشەکانی کارەبا و سووتەمەنی بە کێشەیەکی گەورە ناوبرد و گوتی، ناتوانرێت وەکو پێویست کارەبا و سووتەمەنی بگەیێنرێتە هەموو شوێنێک، بۆیە رۆژئاوای کوردستان پێویستی بە هاوکاریی زیاترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ