تەندروستی
وێنەی تیشکی منداڵەکە کە بووە بە پێکهاتەیەکی لەبەردچوو بەهۆی کۆبوونەوەی کالسیۆم لەسەر جەستەی.
رووداو - تەندروستی
خانمێکی کۆڵۆمبی دوای ئەوەی بە ئازارێکی زۆری سکی دەچێتە نەخۆشخانە، پزیشکان پشکنینی بۆ دەکەن و دەردەکەوێت، کۆرپەلەیەکی کالسیۆمیی بەردیی لەنێو سکیدا هەیە.
ئەم رووداوە لە ساڵی 2013دا روویداوە کاتێک خانمێکی کۆڵۆمبیی 82 ساڵ تووشی سکئێشەیەکی تووند دەبێت و دوای پشکنینی تیشک، پزیشکان بۆیان دەردەکەوێت 'کۆرپەلەیەکی بەردیی 40 ساڵە لەنێو سکیدا' هەیە. دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر ئاشکرای دەکەن، ئەوە پێشووتر دووگیانبوونی دەرەوەی منداڵدانی هەبووە.
لە دووگیانبوونی دەرەوەی منداڵداندا، کۆرپەلە لە دەرەوەی منداڵدان گەشە دەکات واتا لەنێو سک، بەڵام ئەو خانمە کۆرپەلەکەی فڕێنەداوەتە دەرەوە، چونکە پزیشکی نەبینیوە و گوێی پێنەداوە. بۆیە هەر لەنێو سکیدا ماوەتەوە.
بۆچی کۆرپەلە وایلێدێت؟
بەگوێرەی کۆمەڵەی پزیشکانی خانمان و منداڵبوونی نێودەوڵەتی، هەر منداڵێک لە دەرەوەی منداڵدان بمێنێتەوە ئەوا بە میکانیزمێکی خۆکردانە و فیسیۆلۆژییانە، بەرگێکی پارێزەر دروست دەکات کە پێی دەڵێن، 'بەمۆمیاکردنی کۆرپەلەیی' بۆ ئەوەی جەستەی کۆرپەلەکە لە هەوکردن و زەبر بپارێزێت.
حاڵەتەکە دەگمەنە
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستی لە ئەمریکا، ئەو حاڵەتە پێی دەڵێن ''lithopedion'' کە تاوەکو ئێستا لە جیهاندا نزیکەی 300 حاڵەتی لەم شێوەیە روویانداوە و زۆریش دەگمەنە.
د. کیم گارکسی، بەرپرسی بەشی نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون لە ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی دەڵێت: ئەگەر کۆرپەلە لە دەرەوەی منداڵدان بێت، ئەوا هیچ رێگەیەک نییە کە جەستە بیکاتە دەرەوە، بۆیە پێویستە بە نەشتەرگەری دەربهێندرێت، ئەگەریش نەکرێتە دەرەوە ئەوا کۆرپەلەکە کالسیۆم کۆدەکاتەوە و دەبێتە پێکهاتەیەکی لەبەردچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ