کەی جوڵەی کۆرپە لەماوەی دووگیانیدا دەستپێدەکات؟

24-09-2019
رۆژین مەهدی
رۆژین مەهدی
نیشانەکردن جوڵەی کۆرپە، دووگیانی
A+ A-

رووداو- هەولێر


یەکێک لە خۆشترین ساتەکانی ژیانی خانمێک لە ماوەی دووگیانیدا ئەوەیە کە هەست بە یەکەم جوڵەی کۆرپەکەی دەکات، ئەم جوڵەیە هەستێکی سۆزداری لەنێوان دایک و کۆرپەکە دروستدەکات.


یەکەم جوڵەی کۆرپە لەنێوان 16-25 هەفتەی دووگیانیدا دەبێت، ئەگەر خانمێک لە یەکەم دووگیانیدا بێت، لەوانەیە تاوەکو نزیک هەفتەی 25هەمین دووگیانی هەست بە جوڵەی منداڵەکەی نەکات، بەڵام لە دووەم و سێیەم دووگیانیدا، هەندێک لە خانمان لە هەفتەی 13هەمینەوە هەست بە جوڵەی منداڵەکەیان دەکەن. زیاتر لە کاتی دانیشتن و پاڵدانەوە خانمانی دووگیان هەست بە جوڵەی کۆرپەکەیان دەکەن.

بۆ خانمانی دووگیانی تۆزێک زەحمەتە بتوانن وەسفی یەکەم جوڵەی منداڵەکەیان بکەن، بەڵام دوای ئەوە دەتوانن جیاوازی بکەن لەنێوان جوڵەی کۆرپەکەیان و کردارەکانی دیکەی نێو کۆئەندامی هەرس.

توێژینەوەکان دەریان خستووە، لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانی جوڵەی کۆرپە کەمە دواتر بەرە بەرە جوڵەی زیاتر دەبێت تاکو وایلێدێت لە سێ هەفتەی کۆتایی دووگیانی، کۆرپە لە هەر کاژێرێکدا 30 جار دەجوڵێت. 
کۆرپە زۆرترین جوڵەی لەنێوان کاژێر نۆی شەو بۆ یەکی دوای نیوەشەوە رێک ئەو کاتەی دایکەکە دەیەوێت بخەوێت.

پزیشکانی خانمان و منداڵبوون بەپێویستی دەزانن خانمانی دووگیان هەمیشە ئاگاداری جوڵەی کۆرپەکەیان بن و هەر جوڵەیەکی تۆماربکەن، بۆ ئەوەی لە ئەگەری کەمبوونەوەی جوڵەکەی بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکرێت.

نەجوڵانی کۆرپە یان کەمبوونەوەی جوڵەکانی هۆکاری زۆری هەن، بڵاوترینیان بریتین لە خەوتنی منداڵەکە، بەڵام بەدرێژایی رۆژ ئەگەر لەماوەی دوو کاژێر دایکەکە هەستی بە 10 جوڵەی کۆرپەکەی نەکرد باشترە پزیشکەکەی ئاگاداربکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە