رووداو - تەندروستی
چارەسەرکارێکی دەروونی رایدەگەیێنێت، هەرچەندە شێوازی ژیانکردن تەنیا هۆکار نییە بۆ خەمۆکی، بەڵکو دەشێت زەبری دەروونی، بۆماوە و ژینگەش هۆکار بن، بەڵام ئاشکرایە کە خووەکانی رۆژانە کە زۆر دووبارە دەکرێنەوە دەکرێت هۆکاری سەرەکی بن بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە دەروونییە درێژخایەنە.
لاڤان جەلال، چارەسەرکاری دەروونی باسی ئەزموونی 10 ساڵە خۆی لەنێو بواری چارەسەری دەروونیدا دەکات و دەڵێت: گەنجانی ئەم سەردەمە ئەم خووانەیان هەیە و بەهۆیەوە هەست بە بێ میزاجی دەکەن و چێژ لەو شتانەی دەیکەن نابینن، تەنانەت وزە و پاڵنەری پێویستیان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی رۆژانەیان نییە.
خووەکانیش ئەمانەن؛
- کەمخەوی؛ کەمخەویی درێژخایەن کیمیایی مێشک دەگۆڕێت، بیرکردنەوەی نەرێنی و کاردانەوەی سۆزداری زیاد دەکات.
- خواردنی خۆراکی ناتەندروست؛ خۆراکە ئامادەکراو و خێراکان لەگەڵ شیرینییەکان هەوکردن لە مێشک زیاد دەکەن کە پەیوەندییان بە خەمۆکییەوە هەیە. بەڵام خۆراکە تەندروستەکانی وەکو میوە، سەوزە، دانەوێڵەی تەواو و ئۆمێگا سێ مەترسییەکە کەم دەکەنەوە.
- کەمیی چالاکیی جەستەیی؛ جووڵە و چالاکیی جەستەیی هۆڕمۆنی ئیندۆرفین و سیرۆتۆنین دەردەدەن کە دەروون باشتر دەکەن، کەمبوونەوەی جووڵەش خەمۆکبوون زیاد دەکات. جووڵەکەش دەتوانیت 30 خولەک پیاسەکردنی 3 رۆژ لە هەفتەیەکدا بێت.
- کەمبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان؛ هەمیشە پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی بەهێز خەمۆکی و خەمگینی کەم دەکاتەوە، تەنیاییش مەترسیی تووشبوون زیاد دەکات.
- زۆربەکارهێنانی شاشەکان؛ بەکارهێنانی زۆری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (سکڕۆڵکردنی بەبێ ئامانج) دڵەڕاوکێ و خەمۆکی زیاد دەکات بەتایبەت لە گەنجان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ