تەندروستی
کارمەندێکی ڤێتێرنەری لە سنووری هەولێر رشاندن بۆ ئاژەڵان دەکات دژی تای خوێنبەربوون. وێنە: رووداو
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر تۆمارکردنی تووشبوویەکی نوێی تای خوێنبەربوون رادەگەیێنێت و دەڵێ، رەگەزی مێیە و 45 ساڵە، وەزارەتی تەندروستیش رایگەیاند، باری تەندروستیی ''تاڕادەیەک جێگیرە''.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-9-2025 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیێنێت، هاونیشتمانییەکە دانیشتووی سنووری شاری هەولێرە و رەگەزی مێیە، نیشانەی هەبووە و چووەتە لای پزیشک و پشکنینی بۆ کراوە لە ئەنجامدا دەرکەوتووە، تووشبووی تای خوێنبەربوونە.
بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەنجامەکانی پشکنینی نێردراونەتە بەغدا و لەوێش پشتڕاست کراوەتەوە و ئێستا ئەو تووشبووە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
هاوکات وەزارەتی تەندروستیش زانیاریی زیاتری لەبارەی حاڵەتەکەوە ئاشكرا کردووە و دەڵێت، تووشبووەکە دانیشتووی گوندی هەمزەکۆری سەر بە قەزای قوشتەپەیە و بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبووە.
وەزارەتەکە ئەوەش روون دەکاتەوە، ''باری تەندروستیی خانمەکە تاڕادەیەک جێگیرە و بەم تووشبووەوە ئەم ساڵ 10 حاڵەتی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان هەبووە، لەو ژمارەیەش دووانیان گیانیان لەدەستداوە''.
هەر ئەمڕۆ گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، ئەم ساڵ تاوەکو سەرەتای مانگی ئەیلوول، 296 تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و رێکاری تایبەتیان بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە گرتووەتەبەر.
د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ لە کۆی 296 تووشبووی نەخۆشییەکە 42 کەسیان گیانیان لەدەستداوە."
ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە:
- زیقار: 114 تووشبوون تۆمارکراون و 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- بەغدا/ رەسافە: 34 تووشبوون تۆمارکراون و 6 کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- موسەننا: 27 تووشبوون تۆمارکراون و 3 کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- واست: 23 تووشبوون تۆمارکراون و 3 کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- بەسرە: 19 تووشبوون تۆمارکراون و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە
- دیالە: 16 تووشبوون تۆمارکراون و 4 کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- میسان: 13 تووشبوون تۆمارکراون و یەک کەسیان گیانی لەدەستداوە
- نەینەوا: 11 تووشبوون تۆمارکراون
- دیوانییە: 9 تووشبوون تۆمارکراون و سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- بەغدا/ کەرخ: 6 تووشبوون تۆمارکراون
- دهۆک: 6 تووشبوون تۆمارکراون و سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- کەرکووک: 5 تووشبوون تۆمارکراون و چوار کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- نەجەف: 3 تووشبوون تۆمارکراون و دووانیان گیانیان لەدەستداوە
- بابل: دوو تووشبوون تۆمارکراون و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە
- سلێمانی: دوو تووشبوون
- هەولێر: دوو تووشبوون
- سەلاحەدین: دوو تووشبوون
- کەربەلا: یەک تووشبوون
- ئەنبار: یەک تووشبوون
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ