زانکۆی هارڤارد: رێنوێنییەکانی کەمکردنەوەی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ لە خانمان و پیاواندا جیاوازە

24-12-2022
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

کۆلێژی پزیشكیی زانکۆی هارڤارد لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەو رێنوێنییە پزیشکییانەی بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە پیاوان دەدرێن، جیاوازە لەوەی بە خانمان دەدرێن.
 
توێژینەوەکە لەلایەن دامەزراوەی پێشکەوتنی زانستی ئەمریکی لە کۆنفڕانسی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ پێشکێشکرا و توێژەران رێنوێنی خانمان دەکەن کە شێوازی ژیانیان باشتر بکەن، لەکاتێکدا بۆ پیاوان واباشترە دەرمانی دابەزاندنی چەوریی ستاتینەکان بخۆن.
 
لە توێژینەوەکەدا زانیارییەکانی نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2020ـی نەخۆشانی راپرسیی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ پشکنینی تەندروستی و خۆراک NHANES بەکارهات بە بەشداری زیاتر لە هەشت هەزار خانم و پیاو، دەرکەوت 80%ـی خانمان کاریگەرییەکانی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیان بە پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست کەمتر دەبووەوە، بەڵام 60%ـی پیاوان بۆ ئەم مەبەستە زیاتر سوودیان لە دەرمانی ستاتینەکان وەردەگرت. 
 
دکتۆر پرێما وۆلانداری، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی پزیشکیی هارڤارد دەڵێت: ''کێشڕێکی، وەرزش و خۆراکی تەندروست مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لە خانماندا کەمدەکەنەوە، بەڵام پێشنیازدەکرێت پیاوان پەنا ببەنە بەر دەرمانەکانی دابەزاندنی چەوری، لەکاتێکدا ئەو دەرمانانە بۆ خانمانیش کاریگەرییان هەیە''.
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و گیرانی خوێنبەرەکان لە هەردوو رەگەزدا وەکویەکە و سەرەکیترین رێگەی پێشگیریکردن رێکخستنی شێوازی ژیان و وەرزشکردنە. 
 
کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەمریکا چەند ئامۆژگارییەکی گشتی بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بەمشێوەیە دەخاتەڕوو:
 
1- کەسانی پێگەیشتوو هەفاتانە 150 بۆ 300 خولەک وەرزشی مامناوەند و 75 بۆ 150 خولەک وەرزشی تووند بکەن.
 
2- وازهێنان لە جگەرەکێشان
 
3- رێژیمی خۆراکیی تەندروست و دەوڵەمەند بە 'دانەوێڵەی تەواو، سەوزە، میوە، گوێز و ماسی' پەیڕەوبکرێت و رێژەی خواردنی خوێ بۆ پێنج مللیگرام لە رۆژێکدا کەمبکرێتەوە. 
 
4- ئەوانەی کێشیان زیادە و قەڵەون پێویستە کێشیان داببەزێنن، یاخود لەژێر رێنمایی پزیشکی پسپۆڕ دەرمانی ستاتینیان بۆ بنوسرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاماژەدان بە گەشتیاری پزیشکی. وێنە: Enmaya

جەنگ گەشتیاری پزیشکی 50٪ تاوەکو 75٪ لە هیندستان کەم کردووەتەوە

چەندین ساڵە، کەرتی بووژانەوەی ئابووری لەڕێگەی گەشتیاری پزیشکی لە هیندستان سەرکەوتوو بووە بەتایبەتی لەلایەن نەخۆشی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا. بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی جەنگی ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا خەریکە ئەو سەرکەوتنە نامێنێت و قازانجی کەرتەکەی لاواز کردووە.