رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی شیکاریی لە زانکۆی کۆیە ئەنجامدراوە دەریدەخات کە مانگی رەمەزان کاریگەرییەکی ئەرێنیی بەرچاوی لەسەر دەروونیی زۆرینەی خەڵک هەیە و خەمۆکی و دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە.
دەریا رۆستەم، مامۆستای زانکۆی کۆیە و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە بە رووداوی راگەیاند، "ئەمە تاکە توێژینەوەیە کە بەشێوەی شیکاری (Meta-analysis) لەسەر کاریگەرییەکانی رەمەزان کرابێت و پوختەی 20 توێژینەوەی زانستیی لەخۆگرتووە، کارمان لەسەر شەش لایەنی سەرەکی کردووە، لەوانە خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، گوشاری دەروونی، ئاسوودەیی و خەو."
کاریگەری لەسەر خەمۆکی و دڵەڕاوکێ
بەگوێرەی توێژینەوەکە، مانگی رەمەزان کاریگەرییەکی ئەرێنیی بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێی هەیە:
- خەمۆکی: لە 72.2%ی بەشداربوواندا کەمیکردووە، لە 18.2%دا وەک خۆی ماوەتەوە و لە 9.1%ی حاڵەتەکاندا خراپتر بووە.
- دڵەڕاوکێ: لە 66.7%ی بەشداربوواندا کەمیکردووە، لە 22.2%دا وەک خۆی ماوەتەوە و لە 11.1%ی حاڵەتەکاندا خراپتر بووە.
دەریا رۆستەم جەختی لەوە کردەوە، "ئەو کەسانەی نەخۆشیی دەروونیی دووجەمسەرییان (Bipolar disorder) هەیە، خەمۆکییان لە رەمەزاندا زیاد دەکات، بۆیە باشتر وایە بەڕۆژوو نەبن."
گوشاری دەروونی و ئاسوودەیی
توێژینەوەکە دەریخستووە کە گوشاری دەروونی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات و ئاسوودەیی دەروونی زیاد دەکات:
-گوشاری دەروونی: لە 85.7%ی خەڵکدا کەم دەکات، بەڵام لە 14.3%ی قوتابیاندا زیاد دەکات. رۆستەم پێشنیازی کرد، "باشتر وایە خوێندکاران لە کاتی تاقیکردنەوە و خوێندندا بەڕۆژوو نەبن."
-ئاسوودەیی دەروونی: لە 71.4%ی بەشداربوواندا زیاد دەکات و لە 28.5%یاندا وەک خۆی دەمێنێتەوە.
تێکچوونی خەو؛ دیارترین کاریگەریی نەرێنی:
سەرەڕای کاریگەرییە ئەرێنییەکان، دیارترین کاریگەریی نەرێنیی مانگی رەمەزان لەسەر تێکچوونی خەوە.
دەریا رۆستەم روونیکردەوە، "لە 57.1%ی بەشداربوواندا خەو تێکدەچێت، تەنیا لە 14.2%ی ئەو کەسانەدا خەو باشتر دەبێت کە لە مانگی رەمەزاندا پشوو وەردەگرن و ناچنە سەر کار."
دەریا رۆستەم جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرچەندە بە گشتی رەمەزان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دەروون هەیە، بەڵام پێویستە ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنی دەروونییان هەیە، پێش بەڕۆژووبوون راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ