رووداو - تەندروستی
چەندین کینیایی لەبەر گرانی و نەبوونی دەرمانی مەلاریا گیانلەدەستدەدەن و هاووڵاتییەکی کینیا دەڵێت: مەلاریا نەخۆشییەکی چارەسەرکراوە، بەڵام ئەگەر دەرمان نەبێت کوژەرە.
رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی رۆزبێلایە لە گوندێکی رۆژئاوای کینیا، کە بەهۆی مەلاریاوە گیانی لەدەستداوە، رۆزبێلا پێنجەم کەسی خێزانەکەیەتی بەو نەخۆشییە گیان لەدەستبدات، ئەو کۆرپەیەکی پێنج مانگەشی لە سکدا بوو.
وینی ئەکینی، خوشکی رۆزبێلا دەڵێت: "بۆ ئێمە زۆر بەئازارە. مەلاریا نەخۆشییەکی چارەسەرکراوە، بەڵام لەبەر دەستنەکەوتنی دەرمان لە کاتی خۆیدا ژیانی خێزانێکی لەنێوبرد. ئێمە نازانین چۆن بەسەر مەلاریادا زاڵبین و کۆتایی بە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بهێنین."
قاوشێکی نەخۆشخانەی نایتنگەیل لە شاری کیسومو بۆ تووشبووانی مەلاریا تەرخانکراوە، گرانیی نرخ و نەبوونی دەرمانەکە بەبڕی پێویست، هۆکاری سەرەکیی کۆنتڕۆڵنەکردنی نەخۆشییەکەن.
ویڵسن ئۆگۆلا، تووشبوویێکی مەلاریایە و دەڵێت: ''زۆربەی دامەزراوە حکومییەکان دەرمانی تەواویان نییە کە نەخۆشییەکەی پێ چارەسەر بکرێت. لە زۆربەی بارەکاندا، خەڵک روو لە دامەزراوە تایبەتەکان دەکەن کە دەرمانی خێرا و باشیان هەیە، بەڵام نرخیان گرانە."
نرخی هەر کۆرسێکی دەرمانی مەلاریا لە یەک دۆلار تاوەکو حەوت دۆلار و نیوە بۆ هەر کەسێک و بە شێوەیەکی گشتی، چارەسەرکردنی مەلاریا لە سێ رۆژ تاوەکو 21 رۆژی پێویستە.
ئۆسواڵ ئۆمۆندی، کارمەندی تەندروستییە و ئاماژە بەوە دەکات کە لەبەر نەبوونی دەرمانەکە یان گرانیی نرخەکەی، زۆربەی خەڵک دەرمانەکەیان دەستناکەوێت.
تەندروستیی جیهانی دەڵێت: لە ساڵی 2022ـدا لە کینیا پێنج ملیۆن کەس تووشی مەلاریا بوون و 12 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، ٪75ـی دانیشتووانی کینیا لەو ناوچانە نیشتەجێن کە مەترسیی تووشبوون بە مەلاریا تێیاندا بەرزە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ