رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشی و گەشەی منداڵان رایدەگەیێنێت، سێ نیشانەی سەرەکیی هەستەکان هەن کە ئەگەر لە منداڵان دووانیان یاخود سیانیان بینران ئەوا ئەگەری ADHD کە ناسراوە بە فرەجووڵەی کەمسەرنج زۆرە.
د. لاولاو فارووق زادە، پسپۆڕی نەخۆشی و گەشەی منداڵان بە رووداوی راگەیاند، چالاکیی زۆر بەشێوەیەک کە منداڵ نەتوانێت لە یەک شوێندا بمێنێتەوە و هەمیشە بجووڵێت نیشانە هەرە سەرەکییەکانی ADHDـیە و زۆرێک لە منداڵان بەمە دەستنیشان دەکرێن.
بەگوتەی د. لاولاو زادە، ئەم سێ نیشانانەی خوارەوە دەکرێت هێما بن بۆ ADHD؛
یەکەم نیشانە: چالاکیی زۆر
- ناتوانێت لە یەک شوێن بمێنێتەوە و هەمیشە دەجووڵێت.
- رادەکات و سەر شت دەکەوێت لە کات و شوێنی جیاوازدا.
- ناتوانێت بە بێدەنگی بمینێتەوە و هەمیشە زۆر قسە دەکات.
دووەم نیشانە: کەمیی سەرنج
- سەرنج ناخاتە سەر وردەکارییەکان، هەڵەی زۆر دەکات بەهۆی نەبوونی تەرکیزەوە.
- بە ئاسانی بە هەر دەنگێک یان جووڵەیەک سەرنجی دادەبڕێت.
- سەختی لە تەواوکردنی ئەرکی بچووک.
- زۆر شت لەدەست دەدات وەکو قەڵەم، دەفتەر و یاری.
- هەرچەندە بیستنی باشە، بەڵام پێدەچێت نەقمی جیهانێکی دیکە بووبێت و وەڵامی دەوروبەر نەداتەوە.
سێیەم نیشانە: بێهەستی
- خێرا وەڵامی پرسیار دەداتەوە بێ بیرکردنەوە.
- لە قسەکردن یان یاریکردندا پێش خەڵک دەکەوێت و چاوەڕێی نۆرەی خۆی ناکات.
- لەوانەیە قسەکانی خەڵک ببڕێت یان دەستوەردان بکات لەو بابەتانەی کە کاری ئەو نین.
لە کۆتاییدا گوتی، ''ئەگەر دایک و باوکان هەستیان کرد منداڵەکەیان یەکێک لەم نیشانانەی سەرەوە یان دووان یان هەرسێک نیشانەی تێدا هەبوو پێویستە راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بکەن بۆ ئەوەی حاڵەتەکە بە زووترین کات دەستنیشان بکرێت و چارەسەری پێویست بۆ منداڵەکەیان دابنرێت''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ