رووداو دیجیتاڵ
پزیشکێکى خەڵکى هەولێر، لە کۆنفرانسێکى جیهانی دا لە سوێد، خەڵاتێک وەردەگرێت لە پاى توێژینەوەیەکى تایبەت بە دۆزینەوەى چارەسەر بۆ رێگریى لە تووشبوون بە هەردوو جۆرى شێرپەنجەى مەمک و هێلکەدان.
لە کۆنفرانسى زانستیى جیهانى لە سوێد کە رۆژانى 22-23ى ئایار بەڕێوەچوو، د. توانا حەسیب ئەلیاس، لە نێو سێ خەڵاتى کۆنفرانسەکە بۆ توێژینەوەى زانستى کۆنفرانسەکە، دووەم بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ى ئایارى 2025، د. توانا بە رووداوى گوت: "زیاتر لە 200 پۆستەر کە پوختەى توێژینەوە زانستییەکان بوون، پێشکێشی کۆنفرانسەکە کران و من خەڵاتى دووەمم وەرگرت".
توێژینەوەکەى ئەو پزیشکە تایبەت بووە بە چارەسەرى هۆڕمۆنى بۆ ئەو کەسانەى لە رێگەى بۆماوەییەوە ئەگەرى تووشبوونیان هەیە بە شێرپەنجەى مەمک و هێلکەدان.
د. توانا حەسیب، کە کریستیانێکی هەولێرییە دەڵێت:" ئەو چارەسەرە هۆڕمۆنییە بۆ ئەوەیە ئەو خانانە چارەسەر بکات کە ئەگەری هەیە ببن بە شێرپەنجە و رێگرى لە توشبوونیان بکرێت یان توشبوونیان دواى بخات" .
ئەو پزیشکە 1983 لە عەنکاوەى هەولێر لەدایکبووە، کۆتایی 2012 بۆ خوێندن چووەتە سوێد.
بەگوتەى ئەو پزیشکە، توێژینەوەکەیان لەبارەى ئەو دەرمانە هۆڕمۆنییە قۆناخى تاقیگەیى تێپەڕاندووە و بۆ ماوەى سێ مانگ لەسەر 50 ژن تاقیکراوەتەوە و ئەنجامى بەراییان دەرکەوتووە.
د. توانا حەسیب یاریدەدەرى پرۆفیسۆرە لە پەیمانگاى کارۆلینسکاى سوێدى و پسپۆرە لەبوارى تەندروستیى ژن و منداڵ.
توێژینەوەکەى لەسەر ئەو بنەمایە بووە 75%ى ئەو ژنانەى تووشى شێرپەنجەى مەمک دەبن بۆماوەیی کاریگەریى لەسەر تووشبوونیان دەبێت، 55%ى ئەو ژنانەى دیکەش کە تووشى شێرپەنجەى هێلکەدان دەبن بەهەمان شێوە بۆماوەیی کاریگەریى لەسەریان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ