گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار: 6 کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاماری مردن و تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق لە بەرزبوونەوەدایە. تاوەکو ئێستا 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و 41 تووشبووش تۆمارکراون. بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵیش لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هیچ تووشبوونێک لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە.
 
ئەحمەد سەلیم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار، رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، بە رووداوی راگەیاند، پارێزگاکەیان لەسەر ئاستی عێراق لە پلەی یەکەمی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بەدواداچوونی ورد دەرکەوتووە کە "چەقی بڵاوبوونەوەی پەتاکە" سەربڕخانەی ناسریەیە، هەربۆیە ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیاری داخستنی ئەو سەربڕخانەیەی داوە.
 
بە گوتەی گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، لە دوو مانگی رابردوودا 6 کەس لەو پارێزگایە بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە و 41 کەسیش تووشبوون.
 
ئەحمەد سەلیم گوتی، بوونی چەندین شوێنی نایاسایی سەربڕینی ئاژەڵ کە پابەندی رێکارە تەندروستییەکان نەبوون، بووەتەهۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ نێو شار و دەوروبەری ناسریە.
 
ئەحمەد سەلیم دەڵێت، "لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان و زیادبوونی سەربڕینی ئاژەڵ، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە پارێزگاکە پێکهێندراوە کە نوێنەری فەرمانگەکانی ڤێتێرنەری، تەندروستی، ژینگە و دەزگا ئەمنییەکانی تێدایە، ئەوەش بە مەبەستی چاودێریکردنی وردی بازاڕەکان." 
 
بە گوتەی گوتەبێژەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار، بردنە ناوەوەی ئاژەڵ و بردنە دەرەوەی لە پارێزگاکە قەدەخەیە تا کاتێکی نادیار.
 
"لە هەرێمی کوردستان هیچ تووشبوویەک تۆمار نەکراوە"
 
د. فەرەیدوون حەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ هیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون تۆمارنەکراوە. ساڵانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە پلانی پێشوەختەمان هەیە، هەر لە رشاندنی شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵەوە بیگرە تاوەکو شوشتنی ئاژەڵ لە کۆتایی وەرزی بەهار و سەرەتای وەرزی پایز کە ئێستا دەستمان پێکردووە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی پلەی گەرمی تێیاندا بەرزە، چونکە ڤایرۆسەکە لەگەڵ گەرما سەرهەڵدەدات."
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە کەرکووکەوە هەیە، سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا یەک تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار کراوە. ئێستا نەخۆشەکە لە ژێر چاودێری پزیشکدایە و چارەسەر وەردەگرێ."
 
گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک گوتیشی، "لەگەڵ تیمەکانی شارەوانی، تەندروستی، قایمقامیەتی پارێزگا لیژنەی هاوبەش پێکهێندراوە بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تاکە."
 
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش رێنمایی نوێی بۆ سەرجەم پارێزگاکان دەرکردووە تاوەکو رێکاری تووند بگرنە بەر بۆ کۆنترۆڵکردنی تای خوێنبەربوون، بەتایبەت لە کاتی سەربڕینی قوربانییەکانی جەژندا، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە دەبێت سەربڕین تەنیا لەو شوێنانە بێت کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە.
 
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی مەترسیدارە و لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا هاوبەشە، ڤایرۆسەکە لە رێگەی "گەنە" یان دەستکاریکردنی خوێن و گۆشتی ئاژەڵی تووشبوو دەگوازرێتەوە. نیشانەکانی نەخۆشییەکە دوای هەفتەیەک لە تووشبوون دەردەکەون و ئەگەر چارەسەر نەکرێت، رێژەی گیانلەدەستدان تێیدا زۆر بەرزە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێک دەرمان دەڕشێنێت بەنێو ئاژەڵەکاندا بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی گەنە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لەبارەی تای خوێنبەربوون دەدات؛ 40٪ کوشندەیە

لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و هاوین رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەداتە وڵاتانی گەرم کە ئاگاداری رێگەکانی کۆنتڕۆڵکردنی تای خوێنبەربوون بن و بە یەکێک لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان ناوی دەبات.