رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی فراوانی ماوە درێژ لە بەریتانیا دەریدەخات، گەشبینی و روانینی ئەرێنی، رۆڵیان هەیە لە باشترکردنی یادگە و مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە کەم دەکەنەوە.
توێژەرانی زانکۆی کۆلێژی لەندەن لە ئینگلاند ئەم توێژینەوەیەیان لەسەر 10 هەزار کەسی سەروو 50 ساڵان کرد و دەرکەوت، ئەوانەی بە گەشبینییەوە روانیویانەتە کێشە و ئاڵنگارییەکانی ژیانیان، توانای یادەوەرییان باشتر بووە لەوانەی خەم لە کێشەکان دەخۆن و زیاتر نەرێنین.
جوشوا ستۆت، دەروونناس و سەرپەرشتیارێکی توێژینەوەکە دەڵێت: لێکۆڵینەوەکەمان کاریگەریی جیدی لەسەر دەرووندروستی و توانای مێشک بۆ پاراستنی یادگە دەردەخات.
بەپێی WHO، ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە ئەلزەهایمەر {باوترین نەخۆشیی لەبیرچوونەوە} کەم دەکەنەوە؛
- جووڵەی رۆژانە و چالاکیی جەستەیی
- خواردنی خۆراکی تەندروست
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و کحول
- ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە
- کۆنتڕۆڵکردنی شەکر و پەستانی خوێن
- راهێنانی مێشک
- بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
نیشانەکانی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر؛
- بیرچوونەوەی زانیاری و رووداوەکان
- تێکچوونی هاوسەنگیی رۆیشتن
- قورسی لە گێڕانەوەی رووداوەکان
- گۆڕانکاری لە رەفتارەکان
- دڵەڕاوکێ و خەمۆکی
- لاوازیی بڕیاردان
- پەیوەستنەبوون بە کات
- بەجێهێشتنی کەلوپەلەکان
- دانانی کەلوپەل لە شوێنی نەگونجاو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ