پسپۆڕێک 20 رێگەت پێدەڵێت، بۆ ئەوەی تای منداڵەکەت کەم بکەیتەوە

25-11-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان 20 رێگەی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی تای منداڵ یاخود لەکاتی تای منداڵدا بۆ دایک و باوکان پێشنیاز دەکات، یەکێکیان کەمکردنەوەی جلوبەرگی منداڵە.
 
د. نزار گۆران، توێژەر و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان بە رووداوی راگەیاند، ئێستا وەرزی سەرمایە و شەپۆلێکی بەهێزی پەتاکان روو لە منداڵان دەکات، (تا)ش یەکێکە لە نیشانە وەڵامدەرەوەکانی جەستە لەکاتی تووشبوون بە نەخۆشی.
 
هەر بۆیە گرنگە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەکاتی تووشبوونی منداڵ بە (تا) جێبەجێ بکرێن تاوەکو بە خێرایی تایەکە کەم ببێتەوە و منداڵەکە کەمترین زیانی بەربکەوێت.
 
1- جلوبەرگی زیادەی منداڵ لاببرێت، بەڵام نابێت رووت بکرێتەوە بۆ ئەوەی تووشی لەرز نەبێت.
2- پلەی گەرمیی ژوورەکە فێنک بێت و ئامێری گەرمکەرەوەی تێدا نەبێت.
3- ئاوی سارد بدرێت بە منداڵ.
4- دانانی سەهۆڵ یاخود پەڕۆیەکی سارد لە نێوچەوانی منداڵ.
5- زوو زوو پێوانی پلەی گەرمی، بۆ ئەوەی ئەگەر پلەی گەرمیی منداڵەکە 40 پلەی سەدی زیاتر بوو یاخود 35.5 پلەی سەدی کەمتر بوو، راستەوخۆ بگەیێندرێتە نەخۆشخانە.
6- پاراسیتامۆڵ بەشێوەی قەترە یان شرووب یاخود شاف بەپێی کێشی منداڵ و بە راوێژی پزیشکی دەرمانساز بدرێت بە منداڵ.
7- دەرمانی پڕۆفینی پێبدرێت، ئەگەر تایەکەی بەرزتر بوو و ئازاریشی هەبوو، ئەویش بە راوێژی پزیشکی دەرمانساز و پسپۆڕ.
8- ئەگەر منداڵ گەشکەی تای هەبوو، گرنگە لە ماڵەوە پێوەری تا و دەرمانی تا هەبێت.
9- ئەگەر تای منداڵ بە بەردەوامی دوای 3 رۆژ لە پێدانی دەرمانی ئازارشکێنەکان، بەردەوام بوو ئەوا سەردانی پزیشکی منداڵان بکرێت.
10- لەخۆڕا و بەبێ هیچ پشکنینێک دەرمانی دژەبەکتریاکان (دژەئیلتیهابات) نەدرێن بە منداڵ، چونکە هۆکاری نەخۆشییەکەی زۆرجار ڤایرۆسە نەک بەکتریا.
11- نابێت منداڵ سەری بشۆدرێت یاخود جەستەی بشێلدرێت، چونکە دەبێتە هۆی لەرز.
12- منداڵەکە زوو زوو ئاو بخواتەوە یاخود ئاوی پێبدرێت، بۆ ئەوەی جەستەی لە وشکبوونەوە پارێزراو بێت.
13- دەرمانی ئەسپرین بۆ منداڵی خوار 16 ساڵ بەکارنەهێندرێت.
14- ئازارشکێنی پڕۆفین بۆ منداڵی 3 مانگ یان 5 کیلۆ کەمتر یاخود تووشبووانی رەبۆ بەکارنەهێندرێت.
15- ئەگەر منداڵەکە گەشکەی هەبوو و جەستەی سوور بووەوە، دەم و پووکی کول بوو یاخود شیری نەخوارد ئەوا بگەیێندرێتە نەخۆشخانە.
16- دەرمانی پاراسیتامۆڵ (پاراسیتۆڵ) نەدرێت بە منداڵی خوار 2 مانگ.
17- پاراسیتامۆڵی شرووب و شاف لەیەککاتدا نەدرێن بە منداڵ، چونکە ژەهراویی دەکات.
18- باشتر وایە شاف بۆ منداڵی خوار 2 مانگ بەکارنەهێندرێت، چونکە برینداری دەکات، بەڵکو باشتر وایە پێش بەکارهێنانی شاف، منداڵ کەمێک چەور بکرێت بە زەیت نەک بە ڤازلین.
19- نابێت لەیەککاتدا شافی ڤۆڵتارین و پڕۆفین بەکاربێت.
20- نابێت شافی فیکلۆفیناک (ڤۆڵاتین) بۆ ئەو منداڵانە بەکاربێت کە کێشەی گورچیلە و گەدەیان هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە