رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان باشترین رێگەکانی کەمکردنەوەی بۆنی دەم لەکاتی بەڕۆژووبووندا باس دەکات. خواردنەوەی ئاوی پێویست یەکێکیانە.
دکتۆر دونیا گەردی، پزیشکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان بە رووداوی راگەیاند، کەمبوونەوەی لیک بەهۆی خۆگرتنەوە لە خۆراک و خواردنەوە یەکێکە لە هۆکارە باوەکان بۆ بۆنی دەم لەکاتی بەڕۆژووبووندا. ئەوەش باس دەکات کە باشترین کاتی شووشتنی دەم و ددان بۆ رۆژووەوانان، دوای ژەمی بەربانگ، دوای ژەمی پارشێو و پێش خەوتنە.
لەبارەی ئاوخواردنەوەوە گوتی، لەنێوان بەربانگ و پارشێودا ئاوی پێویست بخورێتەوە، تاوەکو بۆنەکانیان کەمتر ببێتەوە، تاوەکو بۆنی ئەو خۆراکانەی کە دەخورێن کەمتر ببنەوە.
بەڵام ئەو پزیشکە هەمیشە شووشتنی ددانەکان بە فڵچە و هەویری ددان بە باشترین دەزانێت بۆ پاککردنەوەی نێو دەم و رزگاربوون لە بۆنی ناخۆشی دەم (ئەگەر هۆکارەکەی هەناوی نەبێت).
دەقی وەڵامی چەند پرسیارێک لەبارەی چارەسەری بۆنی دەم لەکاتی بەڕۆژووبووندا
رووداو: باوترین هۆکارەکانی بۆنی دەم لە مانگی رەمەزاندا بۆ رۆژووەوانان چییە؟
دکتۆر دونیا گەردی: باوترین هۆکارەکانی بۆنی دەمی رۆژووەوانان دەشێت ئەمانە بن؛
- کەمبوونەوەی لیک بەهۆی نەخواردنی خۆراک و خواردنەوە.
- نەشۆردنی دەم، ددان و زمان کە بەکتریایان لەسەر کۆدەبێتەوە.
- مانەوەی پارچەی خۆراک لەنێوان ددانەکان.
رووداو: چ کاتێک باشە کە رۆژووروانان دەم و ددانیان بشۆن، ئایا ئاساییە راستەوخۆ دوای ژەمەکان بێت؟
دکتۆر دونیا گەردی: باشترین کاتی شووشتنی دەم و ددان بۆ رۆژووەوانان، دوای ژەمی بەربانگ، دوای ژەمی پارشێو و پێش خەوتنە. بەڵام ئەگەر لە ژەمەکاندا خۆراکی ترش خورا، باشترە دوای 30 خولەک ددانەکانیان بشۆن، چونکە مادەی نێو هەویری ددان کارلێک لەگەڵ مادەکانی نێو خۆراکە ترشەکان دەکات و مینای ددان تێکدەدات.
رووداو: چ خۆراکێک هەیە بۆنی دەم ناخۆش بکات و بۆ پارشێو نەخورێت؟
دکتۆر دونیا گەردی: هەندێک خۆراک و خواردنەوە بۆنی دەم زیاد دەکەن وەکو (سیر، پیاز، شیرینییەکان، زۆرخواردنەوە چا و قاوە، بەهاراتەکان و سوێری). باشتریشە لەنێوان بەربانگ و پارشێودا ئاوی پێویست بخورێتەوە، تاوەکو بۆنەکانیان کەمتر ببێتەوە.
رووداو: کەی پەتی ددان بەکاربێت، ئایا دەکرێت پەتی ددان بەبێ شووشتنی ددان بەکاربێت و کاریگەریی هەیە بۆ کەمکردنەوەی بۆنی دەم؟
دکتۆر دونیا گەردی: پەتی ددانەکان دوای شووشتنی ددانەکان و بەبێ شووشتنیشیان بەکاربێت، بەڵام نابێتە جێگرەوەی شووشتنی ددانەکان، تەنانەت کاریگەریی زۆریشی هەیە بۆ کەمکردنەوەی بۆنی دەم.
رووداو: چ کاتێک بۆنی ناخۆشی دەم هۆکاری نەخۆشیی هەناوییە نەک پیسیی ددان؟
دکتۆر دونیا گەردی: ئەگەر کەسێک بەردەوام بۆنی دەمی هەبوو و لەکاتێکدا دەم و ددانیشی پاک رابگرێت، ئەوا نیشانەی نەخۆشیی هەناوییە.
رووداو: لەبارەی ئەو گیراوانەی بۆ شووشتنی نێو دەم هەن بە ناوی mouth wash ئایا کاریگەرییان لە کەمکردنەوەی بۆنی ناخۆشی دەم هەیە؟ چ کاتێک بەکاربێن؟ جێگرەوەی شووشتنی ددانن؟
دکتۆر دونیا گەردی: بەڵێ، گیراوەی شووشتنی نێو دەم کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی بۆنی دەم هەیە، بەڵام جێگەی شووشتنی ددان بە فڵچە و هەویری ددان ناگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ