رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، هۆشداریی تووند دەداتە ئەو بازرگان و خاوەن پەلەوەرخانانەی دەرمانی قەدەخەکراو بەکاردەهێنن. وەزارەتەکە رایگەیاندووە، لیژنەکانیان بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتی چڕیان دەستپێکردووە و هەر کەسێک سەرپێچی بکات دەستگیر دەکرێت و رووبەڕووی سزای قورسی یاسایی دەبێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 26ی شوباتی 2026، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە کوالێتیی بەرهەمی ناوخۆ، لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەندیکا و قایمقامییەتەکان لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، دەستیان کردووە بۆ پشکنینی وردی دەرمانخانە و کێڵگە پەلەوەرییەکان."
وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە، "هەر کەسێک دەرمانی قەدەخەکراو یان بێ مۆڵەت بەکاربهێنێت، راستەوخۆ دەستگیر دەکرێت."
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژە بەوە دەکات کە هاوردەکردن و بەکارهێنانی دەرمانی ڤێتێرنەری تەنیا بەپێی رێنماییەکانی ژمارە 1 و 4ی ساڵی 2022 دەبێت. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پاراستنی تەندروستیی گشتی و ئاسایشی خۆراک هێڵی سوورە و رێگە نادەین هیچ کەسێک بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی، مەترسی بخاتە سەر ژیانی هاووڵاتییان و ناوبانگی بەرهەمی ناوخۆیی."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی کشتوکاڵ دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بەرهەمی پەلەوەرخانەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێرییەکی توونددایە و ئەوەی گوتراوە "تەنیا دەنگۆیە" و ناکرێت بە گشتی بەسەر هەموو کێڵگەکاندا بسەپێندرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی بەدواداچوونێکی بەرنامەی لەگەڵ رەنج، فیوراڵتادۆن، لەسەر ئاستی جیهان قەدەخەیە، خراوەتە نێو قوتوویەک کە لەسەری نووسراوە "سووپەر ماکس" و هێنراوەتە کوردستان و بە کوالیتی کۆنترۆڵدا تێپەڕیوە و پارەی پشکنینیشی دراوە.
بەرنامەی لەگەڵ رەنج دوای ئەوە هات، کە دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، 16 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و پێدانی دەرمانی فیوراڵتادۆن بە مریشک لە پەلەوەرخانەکاندا دەستگیر کردووە.
زیانەکانی فیوراڵتادۆن
- بەکارهێنانی بۆ ئاژەڵ و پەلەوەر قەدەخەیە کە گۆشتی بخورێت.
- زیان بە DNA دەگەیێنێت کە سەرەتایەکە بۆ شێرپەنجە.
- دەرمانەکە پاشماوەی کیمیایی AMOZ لە جەستەی ئاژەڵەکەدا جێدەهێڵێت.
- زیان بە بۆ ماوەیی خانەکانی لەش دەگەیێنێت.
- هیچ ئاستێکی سەلامەتیی تێدا نییە و نابێ هیچ کاتێک و بەهیچ رێژەیەک بەکاربهێنرێت و رێژەکەی لە گۆشت، هێلکە و خۆراکدا دەبێ ٪0 بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ