رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەریی کوردستان رایدەگەیێنێت، مادەی فیوراڵتادۆن مەترسیی گەورەی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە و دەبێتە هۆی شێرپەنجە و پلانێکی شەش خاڵی بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی مادەکە رادەگەیێنێت.
ئەنجوومەنی سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەریی کوردستان لە سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و گوتی، ئەو مادەیەی دەستی بەسەردا گیراوە لە گرووپی "نایترۆفیورانەکانە" و پاشماوەکەی لە گۆشت و هێلکەدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی DNA و دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکان لە جەستەی مرۆڤدا.
سەندیکای ڤێتێرنەری ئاشکرای کردووە کە لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێکارانە:
- پێداچوونەوە بە تۆمارەکانی کڕینی دەرمان و رەچەتەی کێڵگەکان.
- دڵنیابوونەوە لە پابەندیی کۆمپانیا و نۆرینگەکان بە ستانداردە یاساییەکان.
- جیاکردنەوەی ئەو پزیشک و خاوەن کێڵگانەی بەهۆی کەمزانیارییەوە تێوەگلاون لەگەڵ ئەوانەی بە ئەنقەست یاسایان شکاندووە.
- بەهێزکردنی چاودێری لە بازگەکان بۆ رێگریکردن لە دووبارە هاتنەناوەوەی ئەم مادە قەدەخەکراوانە.
پلانی خۆپارێزی داهاتوو؛ سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەری کوردستان دەڵێت کە پابەندن بە:
- بەهێزکردنی چاودێریی دابەشکردنی دەرمانی ڤێتێرنەری و کوالیتی کۆنتڕۆڵی بازگەکان بۆ رێگری کردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دیاردەیە.
- رێکخستنی وۆرک شۆپ لەسەر دژەمیکرۆب و دەرمانی قەدەخەکراو.
- بڵاوکردنەوەی لیستی نوێکراوی ماددە قەدەخەکراوەکان.
- پێشخستنی دەرمانی جێگرەوە و سەلامەتتر و پەسەندکراو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی لە پەلەوەردا.
- بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتە جێبەجێکارەکان بە تایبەت وەزارەتی کشتوکاڵ و زانکۆکان و ئەو لایەنانەی لێکۆڵینەوە دەکەن.
سەندیکاکە داوا لە پزیشکانی ڤێتێرنەری و بەرهەمهێنەران دەکات کە "پابەندی ئەخلاقی پیشەیی بن" و دەڵێت، "ئەم رووداوە نابێت ناوبانگی پزیشکانی ڤێتێرنەری لەکەدار بکات، بەڵکو دەبێت ببێتە وانەیەک بۆ چاکسازیی ریشەیی لە کەرتی پەلەوەردا."
ئەم هەڵوێستەی سەندیکای ڤێتێرنەری لە کاتێکدایە، هەر ئەمشەو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداریی تووندی دایە خاوەن پەلەوەرخانەکان.
وەزارەتی کشتوکاڵ جەختی کردەوە کە بەکارهێنانی هەر جۆرە دەرمانێکی قەدەخەکراو، بەتایبەت ئەوانەی لە رێنماییە حکومییەکاندا ئاماژەیان پێکراوە، سزای یاسایی قورسی بەدوادادێت.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە کە "هەر کەسێک مامەڵە بە دەرمانی قەدەخەکراو یان بێ مۆڵەت بکات، راستەوخۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر دەکرێت."
ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی بەدواداچوونێکی بەرنامەی لەگەڵ رەنج، فیوراڵتادۆن، لەسەر ئاستی جیهان قەدەخەیە، خراوەتە نێو قوتوویەک کە لەسەری نووسراوە "سووپەر ماکس" و هێنراوەتە کوردستان و بە کوالیتی کۆنترۆڵدا تێپەڕیوە و پارەی پشکنینیشی دراوە.
بەرنامەی لەگەڵ رەنج دوای ئەوە هات، کە دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، 16 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و پێدانی دەرمانی فیوراڵتادۆن بە مریشک لە پەلەوەرخانەکاندا دەستگیر کردووە.
زیانەکانی فیوراڵتادۆن
- بەکارهێنانی بۆ ئاژەڵ و پەلەوەر قەدەخەیە کە گۆشتی بخورێت.
- زیان بە DNA دەگەیێنێت کە سەرەتایەکە بۆ شێرپەنجە.
- دەرمانەکە پاشماوەی کیمیایی AMOZ لە جەستەی ئاژەڵەکەدا جێدەهێڵێت.
- زیان بە بۆ ماوەیی خانەکانی لەش دەگەیێنێت.
- هیچ ئاستێکی سەلامەتیی تێدا نییە و نابێ هیچ کاتێک و بەهیچ رێژەیەک بەکاربهێنرێت و رێژەکەی لە گۆشت، هێلکە و خۆراکدا دەبێ ٪0 بێت.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ